بە بڕیاری مەسروور بارزانی زیاتر لە ٥٥٧ ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە خەرجكرا

ھەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٥٥٧ ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرجكرا، تا كۆمەڵێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی (٥٥٧،٤٨٠،٠٠٠) دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا خەرج دەكرێت و هەر ئەمڕۆش گوژمەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كرا.
وەك وەزارەتەكە ئاماژەی پێ كردووە، لە دانیشتنێكدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەلام بیلال ئەسكەندەر، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەدا، باسیان لە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە كردووە كە لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری هەڵەبجە بڕیاری دا ژمارەیەك پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ بكرێن.
هاوکات وەزارەتی شارەوانی، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەی ڕاسپاردووە، بەزووترین كات دەست بكەن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.




