٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: مەلەفی ئەمنی ھەموو شارەکانی عێراق ڕادەستی پۆلیس دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق ئاشکرایکرد، بڕیار دراوە مەلەفی ئەمنی ھەموو شارەکانی عێراق ڕادەستی پۆلیس بکرێت و دەشڵێ، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت مەلەفی ئەمنی شنگالیش ڕادەستی پۆلیس دەکرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە مەلەفی ئەمنی ھەموو شارەکانی عێراق ڕادەستی پۆلیس بکرێت و لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق پڕۆسەکە دەستی پێکردووە، لە نەینەواش مەلەفی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی نەینەوا دەکرێت و ئیدی مەلەفی ئەمنی لەدەست ھێزەکانی سەربازی نامێنێت.

لەبارەی شنگالەوە ئەو بەرپرسەی ھەرێمی کوردستان گوتی: ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت ھەرێم و فیدڕاڵ ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و ڕادەستکردنی مەلەفی ئەمنی بە پۆلیسی شارەکە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری سیاسی ھەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنی شنگال.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پێویستە ھێزەکانی نا یاسایی و نا شەرعی شنگال بەجێی بێڵن و ھاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق مەلەفی ئەمنی ڕادەستی پۆلیس بکرێت و قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت، گواستنەوەی مەلەفی ئەمنی لە سەربازیەوە بۆ پۆلیس بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار