زیبا تەها: مەسروور بارزانی ھەموو پشتیوانییەکی بۆ یەکێتی ئافرەتان دەربڕی

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەمان لەگەڵ مەسروور بارزانی زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە پاڵپشتیەکی گەورە بۆ یەکێتی ئافرەتان و ئامادەیی و پاڵپشتی خۆشی نیشاندا بە ھەموو شێوەیەک بۆ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئەمەش نیشانەی بەھەند وەرگرتن و خەمخۆری جەنابیانە بۆ پرسی ئافرەتان.
زیبا تەها، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەھا و گرنگی دیدارەکەمان لەگەڵ مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەدایە، کە بەڕێزیان وەک جێگری سەرۆک بارزانی، ھاوکات وەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، وێڕای ھەموو ئەرکە سەختەکانی و بەرنامەی کاری فراوانی، دەرفەتی بۆ ئێمە وەک دەستەی نوێی یەکێتی ئافرەتان ڕەخساند تا لە نزیکەوە ھەم دەنگی ئافرەتانی کوردستان بگەیەنین و ھەم پشتیوانی بەڕێزیان بۆ ڕێکخراوەکەمان بەھێزتر بکەین، ئەمەش نیشانەی بەھەند وەرگرتن و خەمخۆری جەنابیانە بۆ پرسی ئافرەتان.
زیبا تەها باس لەوەش دەکات: لەم دیدارەدا سەرۆکوەزیران ستایشی ڕۆڵی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی کرد، کە وەکو ڕێکخراوێکی دێرین بەشداری ڕاستەوخۆی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانی کردووە و بڕوا و متمانەی تەواوی خۆی بەتوانا و لێھاتوویی ئافرەت دەربڕی و پشتیوانی بۆ ڕۆڵی ئافرەت دووپات کردەوە، ھاوکات ھەموو پشتیوانییەکی بۆ یەکێتی ئافرەتان دەربڕی.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: بەڕێزیان ڕایسپاردین، کە بە تەواوی تواناکانی خۆمان لە خزمەت ئافرەتانی کوردستاندا بین و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان بەسەر بکەینەوە و پشتیوان و ھاوکاریان بین بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بە میکانیزمە ھاوچەرخەکان پەرە بە کاری ڕێکخراوەیی بدەین و پرسی ئافرەت بەرەو پێش ببەین، پشتیوانی بەرنامەکانی حکوومەت بین و ڕۆڵمان ھەبێت لە پەرەپێدانی ھۆشیاری دایکان و ڕاھێنانی نەوەکان بە بنەماکانی مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی.
لە کۆتاییدا گوتیشی: وێڕای دووبارە سوپاسگوزاری ئێمە ئەم دیدارەی سەرۆکوەزیران، وەک ھاندان بۆ ئێمە و پشتیوانییەکی بەھێز بۆ ڕێکخراوەکەمان و پرسی ئافرەت دەبینین و بەڵێنیش دەدەین، کە لە ئاست متمانە و چاوەڕوانی بەڕێزیان دابین.
بڵند ئیبراھیم




