٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی پێشوازیى له‌ ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیى له‌ ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كردوو دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بە تایبەتیش هەڵەبجە، وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، مەسروور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.

شاندەکە، کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجەکانی دروستبوونی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە و هەروەها ژمارەیەک داواکارییان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕوو، کە یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان، تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بوو لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە.

ئاماژەشیان بەوە دا، کە کاتی خۆی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی دا کە مایەی پێزانینە.

شاندەکە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتیشیان کرد کە لە دوا سەردانیدا بۆ هەڵەبجە، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد.

سه‌رۆكوەزیران مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بە تایبەتیش هەڵەبجە، وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەرچی لە تواناماندا بێت، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە دەیکەین.

مەسروور بارزانی جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە پەیوەندی بەردەوامدایە تا ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن کە مافێکی ڕەوای خەڵکی هەڵەبجەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار