٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەنداوێکی دیکەی گەورە لە ئاکرێ دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاودێری ئاکرێ گوتی: بڕیارە ئەمساڵ لە سنووری قەزای ئاکرێ بەنداوێکی گەورە دروستبکرێت کە ٣٣٠ملیۆن دۆلاری تێدەچێت زەوی سێ قەزا بەراو دەکات.


ئەندازیار ڕەمەزان شەریف، بەڕێوەبەری ئاودێری ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە جوانترین بەنداوی قەبارە گەورە لە ھەرێمی کوردستان لە سنووری ئاکرێ لە باکورمان دروست بکرێت، ھەموو ڕێکارەکانی تەواو بوونە و بڕیارە بدرێتە کۆمپانیایەکی بیانی، بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیایەکی تورکی دەبێت، چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ وەرزی پایز پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
ئەندازیار ڕەمەزان شەریف گوتیشی: تێچووی پڕۆژەکە ٣٣٠ملیۆن دۆلارە، ئەمە تەنیا تێچووی بەنداوەکەیە جگە لە قەرەبووکردنەوە، چاوەڕێ دەکرێت پارەی ئەویش خەرج بکرێت، قەبارەی بەنداوەکە ٤٩٠ملیۆن مەتر سێجایە و بەرزی ١١٢مەتر دەبیت، ٢٤ مێگەوات کارەبا بەرھەمی دەبێت و ٣٥ھەزار دۆنم زەوی لە ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش بەراو دەکات کە لە باکورمان دروست دەکرێت، بەنداوێکی دیکەش لە قەسرۆک دروست دەکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوەکەی، بۆیە بە تەوابوونی ئەو بەنداوە ھەرسێ قەزای ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش پێویستیان بە ئاوی ژێر زەوی و بیرەکان نامێنێت.
بەڕێوەبەری ئاودێری ئاکرێ ڕوونیشی کردەوە: ئێستا کاری دیزاین و ڕێککەوتن و دابینکردنی بودجە و دیاریکردنی شوێن  ھەمووی تەواو بووە و چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ لە وەرزی پایز دەست بە پڕۆژەکە بکرێت.
ئەو بەنداوە جگە لە کاری کشتوکاڵی سوودی زۆری بۆ کەرتی گەشتوگوزار و زیادبوونی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی و بۆ ئاژڵداری و سامانی ماسی دەبێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار