نێچیرڤان بارزانی 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024ـی وەکوو وادەی نوێی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە:
1. دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.
2. گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.
3. ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، وادە نوێیەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێ گرتن لە بیروبۆچوونەکان دیاری کراوە.




