مەسروور بارزانی: ئەمڕۆ بەنداوی چەمرگەمان کردەوە و بەنداوی زیاتریش دەکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە درێژەی وەبەرهێنانماندا لە ژێرخانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەنداوی زیاتر دەکەینەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێرزەوی زۆر بەکار نەهێنین.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی حوزەیرانی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمێکدا بەنداوی چەمرگەی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.
مەسروور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بەنداوی چەمرگەمان لە هەولێر کردەوە، کە توانای کۆکردنەوەی زیاتر لە ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوی هەیە.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکردووە: لە درێژەی وەبەرهێنانماندا لە ژێرخانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەنداوی زیاتریش دەکەینەوە.
مەسروور بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە، زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێرزەوی زۆر بەکار نەهێنین، چونکە بەداخەوە خەریکە ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە، هەروەها گوتیشی، سامانی ئاو و سامانە سرووشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین بەڵکو هی نەوەکانی داهاتووشن، بۆیە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین.
بەنداوی چەمرگە بە گوژمەی چوار ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بەپێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دروستکراوە، بەرزی بەنداوەکە ١٧.٥ مەترە، درێژییەکەشی ٢٦٢ مەتر و پانیەکەشی زیاتر لە ٨ مەترە.




