کۆمسیۆن داوا دەکات دەنگدەران بچن کارتی دەنگدان وەربگرنەوە

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: زۆر کارتی دەنگدان لە بنکەکانی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە، داواکارین دەنگدەرەکان بچن کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان بێبەش نەبن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: زۆر کارتی دەنگدانی دەنگدەران، ئەوانەی خۆیان تۆمارکردووە گەڕاوەتەوە و دەنگدەران دەتوانن سەر لە بنکەکانمان لە ھەرێمی کوردستان بدەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە دەنا لە ڕۆژی دەنگدان ناتوانن دەنگ بدەن.
جومانە غەلای گوتیشی: ھەر دەنگدەرێک ناوی تۆمار کردبێت دەتوانێت لە سنووری پارێزگای خۆی سەردانی نزیکترین بنکەی تۆماری دەنگدەران بکات و کارتی خۆی وەربگرێتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان ١٧٣ بنکەی تۆماری دەنگدەران ھەیە، لە ھەولێر ٥٣ بنکە، لە دھۆک ٤١ بنکە و لە سلێمانییش ٧٩ بنکە، ئێستا ٦٦٦ھەزار و ٢٢٦ کارتی دەنگدان لە بنکەکان ماونەتەوە و ھاووڵاتییان وەریان نەگرتۆتەوە، لە ھەولێر ٢٥٤ھەزار و ٢٦٥کارتی دەنگدان، لە دھۆک ١٣٢ھەزار و ٩٣٣ کارتی دەنگدان و لە سلێمانییش ٢٧٩ھەزار و ٢٨ کارتی دەنگدان ماون، تا ئێستا ھاووڵاتییان نەھاتوون بۆ وەرگرتنەوەیان، لە دەنگدانی تایبەتیش ١١٦ھەزار و ١٤١کارتی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە کە ٨٤ھەزار و ٩٣٦کارت لە هەولێر، ١١ھەزار و ٢٩٦کارت لە دهۆک و لە سلێمانیش ١٩ھەزار و ٩٠٩ کارت ماون، کارتی دەنگدانی ئاوارە و پەنابەرانیش ژمارەی گشتی ٣٦ھەزار و ٦٣٠ کارتە، ١٠ھەزار و ٤٣٨ کارت لە هەولێر، ٢٣ھەزار و ٤٣٣ کارت لە دهۆک و ٢ھەزار و ٧٥٩ کارتیش لە سلێمانی، بە گشتی ٨١٨ ھەزار و ٩٩٧ کارتی دەنگدان لە بنکەکان ماونەتەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بچن کارتەکانیان وەربگرنەوە.
بڵند ئیبراھیم




