بەنداوی چەمرگە سوودی زۆری بۆ ھەولێر دەبێت

سلێمانی -KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی بەنداوی چەمرگە تەواوکرا ئەمڕۆ کرایەوە کە سوودی زۆر و هەمەلایەن بە سنووری پارێزگای ھەولێر دەگەیەنێت.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ بەنداوی چەمرگە لە سنووری ھەولێر بەشێوەیەکی فەرمیی کرایەوە، ھەر چەندە بەنداوەکە بچووکە و ملیۆنێک و ٢٠٠ھەزار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەڵام ئەو شوێنە وشکانییە و لە پایز و ھاویندا ھیچ ئاوی لێ نییە، ئەو ئاوەی لە وەرزی زستانان دێت گل دەدرێتەوە و لە وەرزی وشکانیدا لە چەمرگە و دێھاتەکانی دیکە بۆ بووژانەوەی کشتوکاڵ و ئاوی ژێرزەوی و ژینگە و سامانی ماسی و گەشتوگوزار سوودی لێ وەردەگیرێت، ئەوە جگە لەوەی لە وەرزی زستان مەترسی لافاو لەسەر شاری هەولێر کەمدەکاتەوە.
ڕەحمان خانی گوتیشی: بەنداوەکە گرنگە و ئەمساڵ سەرڕێژیش بووە، جگە لەوە کۆمەڵێک بەنداوی دیکە کە بەهۆی قەیرانی دارایی وەستابوون ئێستا کاریان تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێن، پلانیش ھەیە لە داھاتوو بەنداوی دیکەش دروست بکرێن، چونکە زۆر بەنداو لە کۆیە و گەرمیان و سلێمانی و دھۆک لە بواری جێبەجێکردن دان.
بڵند ئیبراھیم




