٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.لوقمان عومەر: لیژنەیەکی باڵا بۆ تاپۆکردنی یەکەکانی وەبەرھێنان پێکھاتووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: حکوومەت لیژنەیەکی باڵای بە مەبەستی تاپۆکردنی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە پێکهێناوە کە لەلایەن وەبەرھێنانەوە دروستکراون. 

د.لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لیژنەیەکی باڵا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە وەزیری شارەوانی و داد و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان و بەندە پێکهاتووە، لیژنەکە کار لەسەر ئەو پڕۆژانەی وەبەرھێنان دەکات تا ئێستا گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان ھەیە و بەناوی خاوەنەکانیان نەکراون.

بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێم گوتی: زۆر پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان هەن ئیفرازیان بۆ نەکراوە، ئێستا ئەو لیژنەیە خەریکی پێداچوونەوەی ئەو بابەتە و ئامادەکردنی پلانی تاپۆکردنیانە.

د.لوقمان عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە شوقە و ڤێلا و خانوو لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، دوای ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان دەست بە پرۆسەی تاپۆکردنیان دەکرێت کە بەداخەوە پێشتر پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەچووە و زۆربەی یەکەکان لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ نەکراون. 

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار