٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەنداوێکی گەورە لەسەر خابووری زاخۆ دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: لە ماوەی دوو ساڵ زاخۆ لەڕووی کەرتی گەشتوگوزارییەوە چووەتە قۆناغێکی تازەوە، بەجۆرێک ڕێژەی ھاتنی گەشتیار بەڕێژەی ١٠٠% زیادی کردووە و بڕیارە بەنداوێکی گەورە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت دروست بکرێت کە سوودێکی زۆری بۆ کەرتی گەشتوگوزار دەبێت.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چیا ئەمین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زیاتری پێدا، بەتایبەت ئەو پلان و ستراتیژیەتەی بۆ کەرتی گەشتوگوزار لە زاخۆ دانراوە کە باشترین جوگرافیایە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای زانستی پڕۆژەی گەشتوگوزاری لێ ئەنجام بدرێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو زاخۆ لەڕووی گەشتوگوزارەوە چووەتە قۆناغێکی دیکەوە، وەک پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ قۆناغی یەکەم (١)کم و قۆناغی دووەم ٥٠%ی تەواوبووە کە (٣)کم دەبێت و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆ و قشلەی زاخۆ و نۆژەنکردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان.
چیا ئەمین گوتیشی: بەھۆی ئەو گرنگیدانە ١٠٠% ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران زیادی کردووە و ئەم جەژنە ٥٤ھەزار گەشتیار لە ناوخۆ و عێراق و دەرەوەش سەردانی زاخۆیان کردووە، بۆیە گەشتیاری لە زاخۆ زۆر بەھێز بووە و ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار بەردەوام سەردانی زاخۆ دەکەن، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین خەرجی گەشتیاران لەکاتی ھاتنیان بۆ زاخۆ زیاتر بێت و دەرفەتی باشتر بڕەخسێنین.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕوونیشی کردەوە: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارە بەنداوێکی گرینگ لەسەر خابووری زاخۆ دروست بکرێت، ئەم بەنداوە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و سوودی زۆری بۆ کەرتی گەشتوگوزار دەبێت، ئێستا لە قۆناغی دیراسەکردن دایە و لەم نزیکانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەی پارکی گشتی و پارکی دیکە و دروستکردنی باخچەی ئاژەڵان و تەلەفریکی سەر خابووری زاخۆ .. ئەمانە ھەموو پڕۆژەن و کاریان لەسەر دەکرێت، خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین جێبەجێیان بکەین.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار