ئەمڕۆ وەزیری شارەوانی واژوو لەسەر پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەكات

هەولێر-KDP.info- كێشەی ئاوی چەمچەماڵ، ماوەی چەندین ساڵە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە و خەڵكی دەڤەرەكەش چاوەڕێی چارەیەكی ڕیشەیی بوون، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پرۆژەیەكی ستراتیجیی گەورە، ئەو كێشەیەی چارەسەر كرد.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی حوزەیرانی 2024، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاردا، واژوو لەسەر پرۆژەی دیزاین و جێبەجێكردن و كارپێكردنی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بكەن كە پرۆژەیەكی ستراتیجیی گەورەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و گرفتێكی ڕیشەیی دەڤەری چەمچەماڵ چارەسەر دەكات.
پرۆژەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت و لە ماوەی ساڵێكدا تەواوی پرۆژەكە تەواو دەبێت و خەڵكی دەڤەری چەمچەماڵ سوودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ پاش واژووكردنی پرۆژەكە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تەواوی وردەكارییەكە بخاتە ڕوو.




