"بەپێی پڕۆژەیاسایەک حوکمی زیندانیانی عێراق بە پارە دەکڕدرێتەوە"

بەغدا -KDP.info- جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: پڕۆژە پێشنیارێک ھەیە، تێیدا داوا کراوە حوکمی زیندانیانی عێراق بە پارە ھەژمار بکرێت، بەڵام من لەگەڵ ئەو پڕۆژە یاسایە نیم.
جوان عەبدوڵڵا، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩ بیرۆکەی یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پێشنیار کراوە، ئێستا لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتار کراوە بە پڕۆژە و لە مانگی نیسان خرایە نێو خشتەی کارەکانی پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، بەڵام خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرا، چونکە کۆتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان لەسەری ناکۆکن و لە دەرەوەی پەرلەمانیش بۆچوونی جیاواز ھەیە.
جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ دەشڵێت: بەپێی پڕۆژە یاساکە ھەموو تاوانێک ناگرێتەوە، تەنیا ئەو تاوانانەی سزایان سێ ساڵ زیندانی کردنە و ساڵێک حوکمەکەیان تەواوکردووە .. دوای ساڵێک دەتوانن ئەو دوو ساڵەی ماوە بە پارە بکڕنەوە، بۆ ھەر ڕۆژێک ١٠ ھەزار دیناری عێراقی خەملێندراوە، مەرجە خاوەن مافیش لە تاوانەکە سازش بکات.
جوان عەبدوڵڵا گوتی: خۆم وەک جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لەگەڵ ئەو پڕۆژە یاسایەدا نیم، پەرلەمانیش لە پشوودایە، نازانین لەکاتی گفتوگۆکان چی ڕوودەدات لەسەر ئەو پڕۆژەیە.
جوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەھانەی حکوومەت بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەکە ئەوەیە ژمارەیەکی زۆری زیندانی لە نێو زیندانەکانی عێراق ھەن و چەندین نەخۆشی بڵاو بووەتەوە، هاوکات وەک بریتی یاسای لێبوردنی گشتیش سەیر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا لەنێو شارەزایانی یاسا بۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر ئەو پڕۆژەیە.
قائید میرۆ




