"بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦٠ملیار دینار پڕۆژە لە شێخان جێبەجێ کراون"

شێخان -KDP.info- قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت: لەم چوار ساڵەدا بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦٠ملیار دینار پڕۆژە لە شێخان جێبەجێ کراون.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە قەزای شێخان لە کابینەی نۆیەم و بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی زۆری لە هەموو سێکتەرەکان لە شێخان جێبەجێ کردووە، پڕۆژەکانیش ستراتیژی و خزمەتگوزارین، سەنتەری قەزای شێخان و ناحیەکانیشی گرتووەتەوە، هاوکات بایەخێکی زۆر بە گەنجان دراوە، بەتایبەت کەرتی وەرزش و لاوان، لەوانە یاریگای وەرزشی لە کەلەکچی دروست کرا کە ئاواتی گەنجانی ناحیەکە بوو، لە ناحیەی قەسرۆکیش یاریگا لەژێر جێبەجێکردنە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێم لە کۆمەڵگەی چڕە بڕیاری دروستکردنی یاریگایەکی وەرزشی دراوە و ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و بودجەشی بۆ تەرخانکراوە و لە قۆناغی تەندەر دایە، لە سەنتەری قەزای شێخان و زێلکان و ئەلقوش و باعەدرێش یاریگا دروست کراون.
گوتیشی: لە کەرتی پەروەردە لە گوندی مەلا بروان قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی دروست دەکرێت، لە قەسرۆک قوتابخانە تەواو بووە، لە کەلەکچی قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی جێبەجێ دەکرێت و چوار قوتابخانەش نوژەن دەکرێنەوە، لە کەرتی رێگاوبان گرنگترین پڕۆژە دانانی بەردی بناغەی رێگای (باعەدرێ _ دھۆک) بە گوژمەی ٢٥ملیار دینار و ڕێگای دووسایدی (شێخان _ لالش)ە کە ئێستا دیزاینی بۆ دەکرێت و دواتر دەکرێتە تەندەر و ڕایدەگەیەنین.
١١ شارەوانیمان لە شێخان ھەیە ڕێگا ناوخۆییەکان و ئاوەڕۆی زۆرینەیان دروست کراوە، ئەمانە ھەمووی لە کابینەی نۆیەم ئەنجام دراون.
سەردار شێخ یەحیا گوتیشی: جگە لەوەش بەنداوی خنس پڕۆژەیەکی ستراتیژی بوو دروستکرا و تەواوبوو، ئێستا لە خزمەت گەشتیار و کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دایە، نوژەنکردنەوەی ڕێگای (شێخان _ خنس) بە گوژمەی ٣ملیار دینار بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ھەفتەی داھاتوو دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت و چەندین ناحیە و گوند لەگەڵ قەزای شێخان پێکەوە دەبەستێتەوە.
دەشڵێت: لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦٠ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ کراون.
بڵند ئیبراھیم




