وەزارەت لهبارهی تاقیکردنەوەکانی سبهی بۆ پۆلی ١٢وه بۆ KDP دهدوێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، کە بڕیارە لە ٢٣ی ئەم مانگەدا بە بەشداریی نزیکەی ١٢٥ هەزار قوتابی دەست پێ بکات.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواومان بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەیی کردووە و ھۆڵ و ژمارەی قوتابی و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی گەیاندن و کارەبا کراوە و لەگەڵیان رێککەوتووین و پرسیارەکانیش ئامادە کراون، بۆیە ھیچ نەماوە ئەنجامی نەدەین و ئامادەکاریی تەواو کراوە".
فەرەج گوتیشی: "بۆ ئەمساڵیش رێکاری باش گیراوەتە بەر بۆ رێگریکردن لە گزیکردن و پەیوەندیمان بۆ ئەو مەبەستە کردووە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و پارێزگار و کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە و ھێزە ئەمنییەکان، بۆیە زۆر باش خۆمان ئامادە کردووە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە یەکەم تاقیکردنەوە دەست پێ دەکات بە بەشداریی نزیکەی ١٢٥ ھەزار قوتابی، کە ھەفتانە دوو تاقیکردنەوە لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە بەڕێوە دەچن".
بڵند ئیبراھیم




