جێگری پارێزگار بۆ KDP: بڕیار دراوە بە دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ ھەڵەبجە

هەڵەبجە-KDP.info- پارێزگای ھەڵەبجە ناوچەیەکی گەشتوگوزاریی فراوانی ھەیە لە تەرفیھی و شوێنەواری و تەندروستی و ئایینی و سیاسی، ئەوەش وای کردووە ساڵانە سەدان ھەزار گەشتیار بۆ خۆی ڕابکێشێت، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجەش دەڵێ، حکوومەت خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە ناوچە گەشتیارییەکان و ساڵانەش ھاتنی گەشتیار لە بەرزبوونەوەدایە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگای ھەڵەبجە ھەموو جۆرەکانی گەشتوگوزار لەخۆ دەگرێت، وەک گەشتوگوزاری تەرفیھی لە ناوچەی ھەورامان و چاوگ و نەوڕۆڵی، ھەروەھا ١٣٠ بنکەی شوێنەوار ھەیە، گەشتیاری ئایینیشمان ھەیە لە خانەقای بیارە و مزگەوتی گەورەی خورماڵ و ناوچەی ھاوار و نەخۆشخانەی کیمیاباران و ئاوی گەڕاوی خورماڵ، کە بوونەتە ھۆی ڕاکێشانی گەشتیار و مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەش بووەتە ھۆی ڕاکێشانی گەشتیاری سیاسی".
کاوە عەلی گوتی: "یەکێک لە ھەنگاوەکانی تری حکوومەت کە بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریی ھەڵەبجە دەینێت ئەوەیە، پڕۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزای بە ناوچە گەشتیارییەکان ڕاوەستابوو، لەسەر بودجەی نەوت بوو، ھاوکات بڕیار دراوە بە دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ گەشەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەڵەبجە".
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە جەختیش دەکاتەوە: "بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و وەبەرھێنان ھەماھەنگییان ھەیە بۆ ئەوەی لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە گەشە بە ناوچە گەشتیارییەکان بدرێت، ھەنگاوی باشیش لەو چوارچێوەیەدا نراوە بە ھاوکاریی پارێزگا و ھیوادارین ئەو پلانەی داندراوە بەناوی دیدگای پارێزگای ھەڵەبجە بۆ ساڵی ٢٠٤٠ ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێی بکەین".
"گرنگیدان بە ناوچە گەشتیارییەکان داھات بۆ حکوومەت زیاد دەکات و ھاووڵاتیی سوودی لێ دەبینێت، بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربان ٨٤ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجەیان کردووە، ساڵانەش ھاتنی گەشتیار لە بەرزبوونەوەدایە". کاوە عەلی وای گوت.
عەزیز ڕەسووڵ




