گەشتوگوزار بۆ KDP: سەرووی پێشبینی ئێمه گەشتیار ھاتوونەتە کوردستان

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار پێی وایە، سەروو پێشبینی و پلانی ئەوان گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و دەڵێ، زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو، پێشبینی ئەوەمان دەکرد ٣٠٠ ھەزار گەشتیار لە ڕۆژانی پشووی جەژندا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام پێشبینی دەکەین زۆر زیاتر لەو ژمارەیە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردبێت.
ئەوەشی گوت: جەژنی ڕەمەزان ٢٣٠ ھەزار گەشتیار ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان و جەژنی قوربان بەراورد ناکرێت لەگەل جەژنی ڕابردووی رەمەزان.
گوتەبێژی گەشتوگوزار دەشڵێت: "لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی ئاماری فەرمی و گشتیی گەشتیارانین، لەبەر ئەوەش تا ئێستا ژمارەی تەواوی گەشتیارانمان لەبەردەستدا نییە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەی ھاتنی گەشتیاران ئاشکرا دەکەین.
ئیبراھیم عەبدولمەجید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بە درێژایی ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان، ھەموو ھۆتێل و مۆتێل و شوێنی مانەوەی گەشتیاران گیرابوون و ھیچ شوێنێک نەمابوو تا گەشتیار ڕووی لێ نەکەن و ھیچ حاڵەتێکی نەخاوازراویش لەنێو گەشتیاران تۆمار نەکراوە.
قائید میرۆ




