بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت

کەرکووک-KDP.info- سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، بڕیارە بەم زووانە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت و تێیدا شەرعیەت بە ئەندامانی ئەنجومەن بدرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە ئەرکی چاودێریکردنی خۆی ھەڵسێت و دواتر کار لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت، کە پارتی مکوڕە لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد پۆستەکە وەربگرێت.
حەسەن شێخانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە گفتوگۆی لایەنەکاندا ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی دوای جەژن لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک بکرێت و تێیدا ئەندامانی ئەنجومەن دەستبەکار بن و شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن کە چاودێریکردنە، بۆیە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام باسی دابەشکردنی پۆستەکانی تێدا ناکرێت.
شێخانی گوتیشی، بڕیارە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، لایەنەکان گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان، بۆیە ئەم کارە بە دوو قۆناغ دەکرێت، قۆناغی یەکەم شەرعیەتدانە بە ئەندامانی ئەنجومەن و قۆناغی دووەمیش دابەشکردنی پۆستەکان دەبێت.
دەشڵێ: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، پشکمان لە پۆستە ئیدارییەکان دەبێت و لەسەر ئەوەش مکوڕین پارێزگاری کەرکووک کوردێک بێت و بتوانێت خزمەتی ھەموو کەرکووک بکات و جێگەی رەزامەندیی ھەموو لایەنەکان بێت، بۆیە گەشبینین ھەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتنێک و کۆتایی بەو کێشەیە بێت و ئەنجومەن دەستبەکار بێت و پۆستەکانیش دابەش بکرێن".
بڵند ئیبراھیم




