٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات، هاوکات مەکتەبی سیاسی پارتی لەم دەرفەتەدا دووپاتی دەکاتەوە، کە پارتی وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و هەماهەنگی سەرجەم حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان.

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و، کادیر و ئەندام و جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری پارتیمان دەکەین، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هاووڵاتییان و تێکڕای کوردستانیانی خۆشەویست.

لەم دەرفەتەدا دووپاتی دەکەینەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و هەماهەنگی سەرجەم حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئەو قەوارە یاسایی و سیاسییە و داکۆکیکردن لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و فەراهەمکردنی ئارامی و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.

ئومێدەوارین جەژنی پیرۆزی قوربان، هەوێنی بەهێزکردنی گیانی برایەتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان بێ لە کوردستان، جەژنێکی هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەک لە ناخۆشی بەدوور بن و جەژنێکی شاد و بەختەوەر بەسەر بەرن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان 

١٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار