ئاری ھەرسین: پارتی بڕیاری داوە بەشداری ھەڵبژاردن بکات

ئەوروپا -KDP.info- لقی ٦ی ئەوروپای پارتی، سمینارێکی بۆ ئاری ھەرسین بەرپرسی لقی ٤ی پارتی لەژێر ناوی بەرەو ھەڵبژاردن بەڕێوەبرد و تێیدا ناوبراو تیشکی خستە سەر پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان و گوتی: سەرەڕای تێبینیمان، پارتی بڕیاری داوە بەشداری ھەڵبژاردن بکات.
ئاری ھەرسین بەرپرسی لقی ٤ی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، ھەڵبژاردن یەکێکە لە نیشانەکانی دیموکراسییەت، چونکە دیموکراسی جیاوازی ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ڕۆژئاوا، ھەتا لەناو وڵاتانی ڕۆژئاوا جیاوازی ھەیە لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەوە، واتە لێکچوونی فۆرمی فەرمیی نییە و لە ھەموو جیھان و لە ھەموو وڵاتێک لەیەک ناچێت، دیموکراسی ئێمە زۆر جیاوازە و ساوایە، لەبەر ئەوەی ٣٠ ساڵ لە مێژوو کاتێکی زۆر نییە بۆ دیموکراسی و بەرجەستەکردنی، پرۆسەی ھەڵبژاردن ھەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ھەیە، زۆر جار دیکتاتۆرەکان لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دەسەڵات دەگرنە دەست، لەبەر ئەوەش مەرج نییە ھەڵبژاردن ئامانجەکانی بریتی بێت لە ھێنانە کایەی عادالەت یان ناعەدالەتی.
بەرپرسی لقی ٤ی پارتی گوتی: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان .. لە ساڵی ١٩٩١ سەرۆک بارزانی خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە شەرعیەتی شۆڕشێگێڕی کۆتایی ھات و پێویستە بچینە قۆناغێکی دیکە کە پێی دەڵێن شەرعیەتی مەدەنی و شەرعیەتی پەرلەمانی و دیموکراسی، ئێمە وەک پارتی بڕوامان بە ھەڵبژاردن ھەیە و ڕێزی دەگرین، بە تەنیا پرۆسەی دەزانین بۆ دەستاو دەست کردنی دەسەڵات، ڕێگەش بە ھیچ کەسێک نادەین پیلانگێڕی لە دژی ھەرێمی کوردستان بکات، ئەو ھەوڵەی ئێمەش لە ڕابردوو دژی ھەڵبژاردن نەبوو، بەپێچەوانەوە دژی ئەو پیلانگێڕیە بوو، ھۆکارەکانمان دیاری کردبوو، گوتمان بەو شێوەیە ئێمە بەشداری ھەڵبژاردن ناکەین.
ئاری ھەرسین ڕوونیکردەوە: زۆر کەس گرەوی لەسەر ئەوە کردبوو ئەگەر پارتی بەشداری ھەڵبژاردن نەکات ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ و ھەڵبژاردن ھەر دەکرێت، دواجار سەلمێنرا کە پارتی وەکو گەورەترین پارتی سیاسی لە کوردستان ژمارەیە و بەبێ پارتی ھیچ ناکرێ، ئەو ئەنجامەی دەستکەوت سەرکەوتنێکی گەورەبوو، پشکی شێری ئەو سەرکەوتنەش بەر جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەوێت، چونکە بەو سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆک لەسەر بنەمای خۆ نەچەماندن کە چەندین جار ئەمەی بەرجەستە کردووە لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆیدا و سەرکەوتنی بەدەستھێناوە.
ئاری ھەرسین لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دادگای فیدڕاڵی بە حیساباتی خۆیدا چوویەوە و چووە ناو گۆڕانکارییەکان، دەبینین ئێستا چاوەڕێی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ دیاری کردنی وادەی نوێی ھەڵبژاردن، سەرەڕای تێبینی ئێمە لەسەر کورسی کۆتاکان، بەڵام مەکتەبی سیاسی پارتیمان لە بەیانێکدا ڕایگەیاند، بەشداری ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، پارتی ئێستا لە بەرزترین پلە دایە و پڕۆژەکانی ئاوەدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش باشترین بەڵگەن، وەکو پارتی شانازی بەو دەستکەوتانەوە دەکەین و مافی خۆشمانە.
قائید میرۆ




