بەرپرسی لقی ٩: سەرجەم داواکارییەکانی ئاکرێ و بەردەڕەشمان گەیاندە سەرۆکی حکوومەت

ئاکرێ -KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێش دوو ھەفتە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی داواکاری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووینەوە و داواکارییە گرینگەکانی ھەردوو قەزامان گەیاند، بڕیارە کاری لەسەر بکرێت و پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن.
دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو پڕۆژانەی بەپێی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش ئەنجامدراون نیشانەی ئەوەیە ئەو کابینەیە گرنگی زۆری بە دەڤەرەکە داوە، بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت خۆی گرینگی زۆری پێدەدات و دووجاریش سەردانی ناوچەکەی کردووە و چەندین پڕۆژەی ڕاگەیاندووە و بەردی بناغەی بۆ پڕۆژە داناوە، بەپێی داتاکان خزمەتێکی زۆری ھەردوو قەزا کراوە، پێشتر بەردەڕەش بەناو قەزا بوو وەکو گوندێک بوو، ئێستا لەناو سەنتەر لە ھەموو بوارێکدا پڕۆژە ئەنجام دەدرێت و گرنگی زیاتریشی پێ دەدرێت.
دکتۆر مەردان خدر گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش گرنگی زۆر بە دوو سێکتەر دەدات، ئەوانیش کشتوکاڵ و گەشتوگوزارن، بەڵگەش بۆ ئەوە گەورەترین دووەم عەلوەیە کە لە ئاکرێ دروست دەکرێت، بۆیە حکوومەت پلانێکی تایبەتی ھەیە بۆ خزمەتکردنی ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، ئێستا بەرھەمی ئەو دوو قەزایە لە پێویستی ناوخۆ زیاترە و بەرھەم لە ئاکرێ و بەردەڕەش دەچێتە ھەموو ناوچەکانی ھەرێم و عێراق و دەرەوەش، بۆ گەشتیاریش پلان و بەرنامەی باش ھەیە و بڕیارە ڕێگای گەلی زنتا فراوان بکرێت، چەندین پڕۆژەی وەبەرھێنانیش ھەیە، بۆیە ئەمانە ھەمووی وا دەکات ئەو دوو قەزایە بچنە قۆناغێکی دیکە لە پێشکەوتن.
خدر باسی لەوەش کرد: ئێمە وەکو حزب ھەمیشە پردێکی گرنگی پەیوەندیکردن بووین لە نێوان خەڵک و حکوومەت و ھەمیشە لەناو خەڵکین و ھەرچی گلەیی و داواکاری خەڵک ھەیە دەگەیەنینە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێش دوو ھەفتە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت ھەبوو و گرنگترین داواکاری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەشمان گەیاندە جەنابیان، بڕیارە کاری لەسەر بکرێت، سەرۆکی حکوومەت و چەندین تیمی حکوومەت لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان سەردانی ھەردوو قەزایان کردووە، ئەمەش ئامەژەیەکی ڕوونە کە گرنگی بە دەڤەرەکە دەدەن.
لەبارەی ڕێگای (کەلەک _ بەردەڕەش) گوتی: جێبەجێکردنی دووسایدی (بەردەڕەش _ کەلەک) قۆناغی زۆر گرنگی بڕیووە و دراوەتە کۆمپانیایەک و کۆمپانیاش لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش لەسەر خەتە و ھەموو ڕێکارەکان تەواو بوون، بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیا دەست بە کارەکانی خۆی بکات.
بڵند ئیبراھیم




