بەھۆی ڕێوشوێنەكانی حكوومەتەوە نرخی گوشتی سوور دابەزیوە

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی لە ھەولێر ڕای دەگەیەنێ، نرخی کاڵا لە بازاڕەكاندا کۆنتڕۆڵ کراوە و بەھۆی ڕێوشوێنەكانی حكوومەتەوە، نرخی گوشتی سوور دابەزیوە.
ھۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی لە ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەھۆی نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان، ژمارەی تیمەکانمان لەناو بازاڕەکانی ھەولێردا زیاد کردووە و بەردەوام چاودێریی نرخی کاڵا و کوالێتییان دەکەین، لەھەر شوێنێک بزانین کاڵای ماوەبەسەرچوو یان کوالێتیی نزم بە ھاووڵاتییان بفرۆشێت، سزا دەدرێت.
سەبارەت بە سزادانەكە گوتی: لە چەند ڕۆژی رابردوودا تیمەکانمان سەردانی ٦١٥ شوێنیان کردوە، لەناو ئەو شوێنانەی سەردانمان کردوون ٩٧ شوێنی بازرگانی سزای دارایی دراون و چهند شوێنێکیش بەھۆی سەرپێچییەوە داخراوە.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی ھەولێر ئەوەشی خستە ڕوو: زیاتر لە پێنج تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دەستی بەرسەردا گیراوە، جگە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، تیمەکانی چاودێریی بازرگانی، سەردانی کۆگا و شوێنەکانی دەوروبەری شاریش دەکەن، تا دڵنیا بن لە کوالێتیی ئەو خواردن و کاڵایەی کۆگا دەکرێن.
ھۆگر عەلی ڕوونی کردەوە: ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ئەمساڵ بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی گومرکی بۆ ھێنانی ئاژەل دەرکراوە و بەو ھۆیەوە کاریگەری ھەبووە لەسەر نرخی گوشتی سوور لە بازاڕەکانی ھەرێم، بۆ نموونە پێش بڕیارەکە یەک کیلۆ گوشتی سوور نەرمک بە ٢٠ ھەزار دیناربوو، بەڵام لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆ گوشتی نەرمک دابەزیوە بۆ ١٦ ھەزار دینار و لەیەک کیلۆ گوشت چوار ھەزار دابەزیوە.
قائید میرۆ




