مەسروور بارزانی و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆ لە بارەی سەرژمێری دەکەن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەرێمایەتی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، جەختکرایەوە پێویستە سەرژمێری تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی دانیشتووان بێت و دوور لە ھەر ئامانجێکی سیاسی.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لەیلا بەکر، بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەرێمایەتی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووانی وڵاتانی عەرەبی کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پڕۆژە و چالاکییەکانی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بوارەکانی گەشەپێدان و پەرەپێدانی تواناکانی ئەنجامدانی ئامار و سەرژمێریی دانیشتووان کرا، بەتایبەتی کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت.
جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی ھاریکاری و ھەماھەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرایەوە، لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی سەرژمێری، کە پێویستە تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی دانیشتووان بێت و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە ھەر ئامانجێکی سیاسی ئەنجام بدرێت.





