٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی گەشتوگوزار: بۆ ڕۆژانی جەژن ئامادەین بۆ پێشوازی گەشتیاران

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان گوتی: تەواوی ئامادەکاری کراوە بۆ ھاتنی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی و پێشبینی دەکرێت لەم جەژنە ٣٠٠ھەزار گەشتیار بێنە ھەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئیبراھیم عەبدولمەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ ھاتنی گەشتیاران لە جەژن و ھەماھەنگی باشمان کردووە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتی ناوخۆ، ئاسایشی بازگەکان، کەرتی تایبەت، بنکە گەشتیارییەکان، ئوتێل و مۆتێلەکان، بە کەرتی حکوومی و تایبەت ئامادەین بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران و چەندین لیژنەی ئامادەکراون لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن و ڕێبەری گەشتیارییان پێدەدەن و لە شوێنە گەشتیارییەکان زانیاریان پێدەدەن، لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش ھێڵی گەرم ھەیە بۆ پەیوەندیکردن .. ھەر گەشتیارێک پێویستی بە زانیاری ھەبێت یاخود گرفتێکی ھەبێت بۆی چارەسەر دەکەن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتیشی: لەڕۆژانی جەژن تەواوی ڕێستورانت و ئوتێل و شوێنەکان کراوە دەبن بۆ ئەوەی گەشتیاران سوود لە خزمەتگوزارییەکانیان وەرگرن، لە بازگەکانیش ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت و لەماوەیەکی کەمدا کارەکانیان بۆ ڕایی دەکرێت.
عەبدولمەجید ڕوونیشی کردەوە: بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شوێنە گەشتیارییەکانیش لیژنەکانمان چاودێری دەکەن و ڕێگری دەکەن لەوەی قۆرغکاری نرخ بکرێت، ئەوەی نرخەکان بەرزبکاتەوە ڕێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر و سزا دەدرێت، چونکە پێشبینی دەکەین ٣٠٠ھەزار گەشتیار بێنە ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ لەماوەی چوار مانگی یەکەم نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان کە ٢٥%ی گەشتیاری بیانین، بەشایانی بیرخستنەوەی دەزانم لە ھەرێمی کوردستان ٣ ھەزار و ١٠٠ شوێن و بنکەی گەشتیاری ھەن کە جۆراوجۆرن.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار