ئومێد خۆشناو دوو خزمەتگوزاریی نوێ و خێرا ڕادەگەیهنێت

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر دوو خزمەتگوزاری خێرایی بۆ داواکاری و سکاڵای هاووڵاتیانی ڕاگەیاند و گوتی: ئەمە دیدگای سەرۆکی حکوومەتە لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێزگرتن لە هاووڵاتی و بەڕێوەچوونی کاروبارەکان بەشێوەیەکی درووست.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو خزمەتگوزاری خێرا لە پێناو ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان ڕادەگەیێنین، هەروەها کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دیدگای سەرۆکی حکوومەت، لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێزگرتن لە هاووڵاتی و بەڕێوەچوونی کاروبارەکان بەشێوەیەکی درووست و خێرا و وەڵامدانەوەی گەرمی هاووڵاتیان، کە ڕۆژانە ڕوو لە فەرمانگەکانی حکوومەت دەکەن.
گوتیشی: هەمیشە سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی، ڕێنوێنی و فەرمان بەسەر دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات، هەرچی هەنگاو هەیە لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین بگرنە بەر، لەوبارەوە هەوڵدەدەین هیچ بەربەستێک لە نێوان هاووڵاتی و فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکوومەت نەمینێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەین، دوو پرۆگرام ڕادەگەیێنین کە ڕێگایەکی خێرا دەبێت لەوەی کە هاووڵاتی سکاڵا یان داواکاریەکانی بگەیێنێت، دەشڵێت: یەک لەوانە خزمەتگوزاری هێڵی پەیوەندییە، کە ئەو هێڵە پەیوەندییە ماوەی چەند مانگێکە لەناو دیوانی پارێزگا ژوورێکی بۆ دابینکراوە، کە هێڵەکە لەیەک کاتدا دەتوانێت چەندین پەیوەندی وەربگرێت، هەروەها ژمارەیەک کارمەندی ڕاهێنراوی بۆ دابین کراوە، کە لەکاتی دەوامی فەرمی هەر هاووڵاتییەک هەر داواکارییەک یان سکاڵایەکی هەبێت دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە بیگەیێنێت و بەزووترین کات داواکرییەکەی جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، هێڵە پەیوەندییەکە (07506000707) کە هەموو ئهو هاووڵاتیانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە لەدامەزراوەکان کارێک یان سکاڵایەک یان گلەیی و پێداویستییەکیان دەبێت پەیوەندی بەو هێڵەوە دەکەن. کە لەکاتی دەوامی فەرمی هێڵێکی گەرم دەبێت. هەوڵیش دەدەین لە داهاتوو ببێتە 24 کاتژمێری.
ڕاشیگەیاند، خزمەتگوزاری دووەمیان بریتییە لە خزمەتگوزاری "ئی سێرڤس" کە لە ڕێگەی ماڵپەڕی پارێزگای هەولێرەوە، هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵا و داواکاری و مامەڵەکانیان لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە پێشکەش بکەن و هەر بە ئۆنڵاینیش وەڵام دەدرێنەوە، کە ناونیشانەکەی "Hawler.gov.org" لەوێ دەچێتە بەشی ئی سێرڤس سکاڵا و داواکاریەکانی پێشکەش دەکات و لەماوەیەکی کورتدا وەڵام دەدرێتەوە.




