٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن داوا لە ھاووڵاتیان دەکات سەردانیان بکەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، داوا لە ھاووڵاتیان دەکات سەردانی بنکەکانیان بکەن لە ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، چونکە ژمارەیەکی زۆری کارتی دەنگدان ماون و تاوەکو ئێستا خاوەنەکانیان وەریان نەگرتووەتەوە.

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان ١٧٣ بنکەی تۆماری دەنگدەرانمان ھەیە، کە لە ھەولێر ٥٣ بنکە، لە دھۆک ٤١ بنکە، لە سلێمانی ٧٩ بنکەن، لە ئێستادا ٦٦٦ ھەزار و ٢٢٦ کارتی دەنگدانی گشتی لە بنکەکان ماون و ھاووڵاتیان وەریان نەگرتوونەتەوە، لە ھەولێر ٢٥٤ ھەزار و ٢٦٥ کارتی دەنگدان، لە دھۆک ١٣٢ ھەزار و ٩٣٣ کارتی دەنگدان، لە سلێمانیش ٢٧٩ ھەزار و ٢٨ کارتی دەنگدان ماون، کە تا ئێستا ھاووڵاتیان نەھاتوون بۆ وەرگرتنەوەیان".

غەلای گوتیشی: "لە دەنگدانی تایبەتیش ١١٦ ھەزار و ١٤١ کارتی دەنگدان ماون لە لایەن ھاووڵاتیانەوە وەرنەگیراونەتەوە، بە جۆرێک لە ھەولێر ٨٤ ھەزار و ٩٣٦ کارتی دەنگدان، لە دھۆک ١١ ھەزار و ٢٩٦ کارتی دەنگدان و لە سلێمانیش ١٩ ھەزار و ٩٠٩ کارتی دەنگدان ماون، هەروەها کارتی دەنگدانی ئاوارە و پەنابەرانیش ژمارەی گشتی ٣٦ هەزار،و ٦٣٠ کارتە، بە جۆرێک لە ھەولێر ١٠ هەزار و ٤٣٨ کارت، لە دھۆک ٢٣ هەزار و ٤٣٣ کارت، لە سلێمانی ٢ هەزار و ٧٥٩ کارت ماون، بۆیە بە گشتی کارتی دەنگدان  ٨١٨ هەزار و ٩٩٧ کارتن".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "کۆی گشتیی ئەو کارتانەی تا ئێستا دابەش کراون، ژمارەیان ٤٠٤ هەزار و ٧٩١ کارتە، بە جۆرێک لە ھەولێر ١٤٣ ھەزار و ٧٨٦ کارت، لە دھۆک ١٠٤ ھەزار و ٥٩٨ کارت و لە سلێمانی ١٥٦ ھەزار و  ٤٠٧ کارت دابەش کراون، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین بێن و سەردانی بنکەکانمان لە ھەرێمی کوردستان بکەن و کارتی خۆیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی لە رۆژی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکاندا مافیان نەفەوتێت و بێبەش نەبن لە دەنگدان".

دەشڵێت، ماوەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانی و حیزب و کاندید و کاندیدی پێکھاتەکان، لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە تاوەکو ٢٤-٦-٢٠٢٤ درێژ کرایەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار