لە ئاکرێ سێ جۆر بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی ئەورووپا دەکرێت

ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری کارگەیەکی بەرھەمی ناوخۆ لە ئاکرێ باس لەوە دەکات، ماوەی سێ ساڵە بەرھەمی ناوخۆی ئاکرێ ڕەوانەی بازاڕی ئەورووپا دەکرێت و جار ھەیە مانگانە سێ کاروان بە ناو و لۆگۆی کوردستانەوە ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپا کراوە.
ئاراس حامید، بەڕێوەبەری کارگەی "ئاریاس" بۆ بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات لە ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە بە پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵ دەبێت سێ جۆری بەرھەمی ناوخۆی ئاکرێ ھەناردەی دەرەوەی وڵات دەکەین، ئەوانیش بریتین لە سماق و تەحین و برنجی ئاکرێ کە لە سنووری دەڤەرەکە بەرھەم دێن و لە کارگەی خۆمان ئامادەیان دەکەین و لۆگۆی کوردستانیان لێ دەدەین و ھەناردەی بازاڕەکانی وڵاتانی ئەورووپای دەکەین.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: مانگانە بەپێی خواست ھەناردە دەکرێت و مانگ ھەیە سێ کاروان ھەناردەکراوە.
بەڕێوەبەری کارگەکە گوتیشی: بەپێی خواست مانگانە ئێمە لە ھەر چوار وەرز بەرھەمی ناوخۆیی بە ناوی کوردستانەوە ھەناردەی دەرەوەی وڵات دەکەین کە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگ و باشە بۆ ئەوەی ھەم بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی دەرەوە بکرێت، ھەمیش بەرھەمی جووتیاران ساخ بێتەوە و بازاڕی لە دەرەوەی وڵات بۆ پەیدا بکرێت.
یەکێک لە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فرەچەشنکردنی داھاتی ناوخۆ و بایەخدانە بە بەرھەمە ناوخۆییە نانەوتییەکان، ھەروەھا ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ و دۆزینەوەی بازاڕە لە دەرەوەی وڵات.
بڵند ئیبراھیم




