٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری ئاوی دھۆک: ناهێڵین کێشەی کەمئاوی دروست بێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی دھۆک دەڵێت: پلانێکی زۆر باشمان بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی لە دھۆک داناوە، بۆ وەرزی ھاوین ڕێگە نادەین کێشەی کەمئاوی دروست بێت، لە ھەر شوێنێکیش کێشە ھەبێت چارەی دەکەین. 

ڤەگێر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە لەسەر بودجەی مانگانەی خۆمان بەردەوام کار لەسەر نوژەنکردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو دەکەین، لە وەرزی زستان و ھاوین پلانی باشمان ھەیە، بۆ هاوینی ئەمساڵ پلانێکی باشمان داناوە و گشتاندنمان بۆ کردووە بۆ ھەموو دامودەزگاکان، کۆبوونەوە بە ھەموو موختارەکان دەکەین بۆ ئەوەی خەڵک ئاگادار بکرێتەوە دەست بە ئاوەوە بگرن، ڕێژەی دابینکردنی ئاویش لە شەش ھەزار موکەعەب بۆ نۆ ھەزار موکەعەب زیاد دەکرێت، بڕیارە ئەمساڵ ئاو بۆ سێمێلیش دابین بکرێت، پێشتر دەماندایە فەیدیەش ،بەڵام ئەوان پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ کراوە. 

ڤەگێر ئەحمەد گوتیشی: لە وەرزی ھاوین خواست لەسەر ئاو زیاد دەبێت، بەڵام ئێستا ئێمە کێشەمان لە کەمی ئاو نییە بەڵکوو زۆر فشار لەسەر ئاو ھەیە، خەڵک لە هاویندا بۆ ھەمووشتێک بەکاری دێنن، بۆیە داواکارین ھاووڵاتییانیش دەست بە ئاوەوە بگرن بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت، ھەر گرفتێکیش ھەبێت ئێمە چارەی دەکەین، پلانێکی باشیشمان داناوە و کۆنتڕۆڵی دۆخەکەمان کردووە، چونکە ئەمساڵ ئاوی بەنداوی دھۆکیش بەکار دێنین ئەمەش وا دەکات گرفتمان بۆ دروست نەبێت. 

بەڕێوەبەری ئاوی دھۆک ڕوونیشیکردەوە: دانیشتوانی گوندەکانی ئێمە بەردەوام زیاد دەبن، ئەمەش وا دەکات خواست لەسەر ئاو زیاتر بێت، بۆیە پلانمان بۆ ئەوانیش ھەیە، ڕێگە نەدەین گرفتی ئاویان ھەبێت، ئەوانەی بیریشیان وشک بێت بیریان بۆ لێدەدەین، بەھۆی ئەوەی چوار ساڵ بوو وشکە ساڵی بوو ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزی بوو، بەڵام ئەمساڵ گرفتمان نابێت لەبەر ئەوەی کاتێک ھەشت بیرمان  وشک بوو  ئێمە بیری دیکەمان لێداونەتەوە، بڕیارە ئاو لە خابیریش بێنین کە ١٤٨ھەزار کەس لە زاویتە و مانگێشکێ سوودی لێ وەردەگرن، ٩٧ بیریش دادەخرێن و کاریان پێ ناکرێت و بارگرانی سەر ئاو کەمدەبێتەوە، دەمانەوێت پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەستین لەجیاتی ئاوی ژێر زەوی، چونکە تەنیا لە سنووری دھۆک ١٦٥بیرمان ھەیە کە ٢٠ بیر بۆ ئاودانی باخچە و پارکەکان تەرخان کراوە. 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار