٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھەولێر و بەغدا پێوەست بە پرسی نەوت لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەنجامی گفتوگۆی ھەرێم و بەغدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە زۆر باش بوو، بەرەو ڕێککەوتن دەچێت و دوای جەژن گفتوگۆی زیاتر دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: گفتوگۆی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ھەنگاوێکی گرینگ بوو و باسی زۆر پرس کرا، لەوانە چۆن بتواندرێت دەستکاری گرێبەستەکان بکرێت بەپێی سیستەمی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیا بیانییەکان لاریان نەبوو، پێویستە لایەنی سێیەم ھەبێت لەنێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق تا مافیان پارێزراوبێت ئەویش دەبێت کۆمپانیایەکی یاسایی و باوەڕپێکراو بێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، هاوکات ئالیەتێک دابندرێت بۆ دەستکاریکردنی گرێبەستەکان، باسی تێچووی دەرھێنانی نەوتیش لە ھەرێم کرا و کۆمپانیاکان داوای ٢٢ بۆ ٢٤ دۆلار دەکەن، وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەیەوێت شەش دۆلار بێت، ئەوەش قابیلی گفتوگۆ و چارەکردنە، ئێمەش لە پەرلەمان دەنگمان لەسەر ئەوە دا، خشتەکانی بودجە لەوێ دوو ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بۆ چالاکییەکانی نەوتی لە ھەرێمی کوردستان بەگشتی تەرخان کراوە، جگە لەوەش ترلیۆنێک و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکان تەرخان کراوە.
دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: ئەوەی ئێستا ھەیە تێچووی نەوتە و ئەوانەی دیکە بابەتی تەکنیکین و چارە دەبێت، بەڵام ئەوەی دیکە پێویستی بە دابینکردنی بودجەیە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕێککەوتنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ھەرێم ڕەزامەندی دەربڕیوە و پێویستە ئەو دۆسیەیە لە نزیکترین کات چارەیەکی گونجاوی بۆ بکرێت کە ھیچ لایەنێک زەرەرمەند نەبێت، ئێستاش بەرەو ڕێککەوتنی کۆتایی دەچین، دوای جەژنیش گفتوگۆی دیکە دەکرێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار