فەرمانبەرانى هەڵەبجە: بەم بڕیارەى مەسروور بارزانى کێشەى گەورەى نیشتەجێبوونمان چارە دەبێت

هەڵەبجە -KDP.info- بە فەرمانى مەسروور بارزانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان، هەموو ئەو فەرمانبەرانەى وەرگرتنى زەوى دەیانگرێتەوە، زەوی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت، ئەوەش دڵخۆشى لەلایەن فەرمانبەران لێکەوتووەتەوە و دەڵێن: لە نائومێدییەوە سەرۆکوەزیران ئومێدى پێمان بەخشی و دڵنیاین ئەوەى لە تواناى حکوومەت بێت سەربارى قەیرانەکان بۆمان جێبەجێ دەکات.
نێچیرڤان ئەمین کارمەندى تەندروستى و جێگری لقی هەڵەبجەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ئێمە دەستخۆشییمان هەیە بۆ بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى، بە پێدانى زەوى بەو فەرمانبەرانەى تاکوو ئێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنى زەوى نیشتەجێبوون، ئەمە لە چەند ڕەهەندێکەوە هاووڵاتییانى دڵخۆش کردووە، وەک بوونى فەرمانبەران بە خاوەنى زەوى خۆی، بووژانەوەی بازاڕ و زیادبوونی هەلی کار، هەروەها سەقامگیرى کۆمەڵایەتیشی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو خانەوادانەى خاوەن یەکەى نیشتەجێبوونى خۆیان نین، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆى ئەوەى بتوانن ببنە خاوەنى خانووى تایبەت بە خۆیان، بڕواشمان وایە سەرۆکوەزیران و تیمەکەى لە حکوومەت بڕیارى باشتر لە بەرژەوەندى فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەدەن، دڵخۆشین بە بڕیارەکەى.
مامۆستا سەلوە حوسێ، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: کاتێک کێشەى بودجە و مووچە بۆ کوردستان و فەرمانبەران دروست دەکرێت، دەبێتە هۆی خەراپبوونى دۆخى ئابوورى هەرێمەکەمان، بەڵام سەرۆکوەزیران بڕیارێکى باشی لە بەرژەوەندى فەرمانبەران دەرکرد، لەلایەنى مەعنەوى کاریگەرى هەیە .هەمیشە سەرۆکوەزیرانەکەمان بەدواى چارەکردنى کێشەکان و باشترکردنى ژیانى خەڵک و فەرمانبەرانە، پێدانى پارچە زەوى نیشتەجێبوون بۆ زۆرینەى فەرمانبەران کێشەى نیشتەجێبوون چارە دەکات، ئەوەش دەبێتە زیاتر سەقامگیرى خێزانەکان.
چنوور هەورامى، فەرمانبەر، لاى خۆیەوە بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: من وەک فەرمانبەرێک بە بڕیارەکەى سەرۆکوەزیرانى کوردستان، خۆشحاڵبووم، دەشتوانم بڵێم بڕیارەکەى بووەتە هۆى جێگاى پێزانین بۆ هەموو فەرمانبەران، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆى ئەوەى زۆرینەی فەرمانبەران لە ئایندەیەکى نزیکدا ببنە خاوەنى زەوی تایبەت بە خۆیان و بتوانن شوێنى نیشتەجێبوونى تایبەت بە خۆمانى لەسەر دروست بکەین، مەسروور بارزانى پێمانى گوت ئەوەى لە تواناى حکوومەتەک دابێت بۆ ئاسایشى کۆمەڵایەتى و خۆشگوزەرانى فەرمانبەران بەبێ دوودڵى بۆیان دەکاتە بڕیار، لە نائومێدیدا ئومێد دروست دەکاتەوە.
وەزارەتى شارەوانى لەڕێگاى هەموو شارەوانییەکانى شارەکانى کوردستان، هەڵمەتى دابینکردنى زەوى دەست پێ کردووە بۆ ئەوەى لە مانگەکانى ئایندەدا دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران دەست پێ بکەن و بڕیارەکەى مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە بەرژەوەندى فەرمانبەران جێبەجێ بکەن.
عەزیز ڕەسووڵ




