٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرێیەکان: مەسروور بارزانی دڵنیایی پێداین زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدا

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ-KDP.info- مەسروور بارزانی، لە ئاکرێ بەردی بناغەی سەنتەرێکی گەورەی بازرگانی و عەلوەی دانا ئەوەش بووەتە جێگای دڵخۆشی ھاووڵاتیانی سنوورەکەو باس لەوە دەکەن خاکێکی بە پیتمان ھەیەو دەتوانین بەرھەمھێنانی کشتوکاڵی زیاتر بکەین و ببینە سەبەتەیەکی باشی دابینکەری خۆراک بۆ ھەموو شارەکانی عێراق و کوردستان و ھەزاران ھەلی کاریش بۆ گەنجانمان بڕەخسێت.

کۆڤان نەوزاد، چالاکوان لە ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ ئاکرێ و دانانی بەردی بناغەی سەنتەری بازرگانی و عەلوەی ئاکرێ، جێگای دڵخۆشی ھاووڵاتییانی ئاکرێ بووە، ھەروەھا ناوچەکەمان خاکێکی بە پیت و بەرەکەتی ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی کشتوکاڵی و گرنگیدانی سەرۆکوەزیران و کابینەکەی بە کشتوکاڵ جێگای دەستخۆشییە، ئەوەی لامان گرنگە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، دڵنیایی پێداین زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدا".

ناوبراو گوتیشی: "ئەم پڕۆژە بازرگانی و کشتوکاڵیەی سەرۆکوەزیران بۆ ئاکرێ جێبەجێکردنی لەلایەن کۆمپانیاکانی ناوخۆی، دەبێتە ھۆکاری بووژانەوەی گشتی ئابووری و پەرەپێدانی زیاتری کشتوکاڵ و زیادبوونی ھەلی کار بۆ کوڕان و کچانی ئاکرێ و دەورووبەری بڕوامان وایە ئەم جۆرە پڕۆژانە دەبێتە ھۆی دابەزاندنی بێکاری و داھاتی تاک بەرز دەکاتەوە".

سەباح زوھێر لاوێکی قەزای ئاکرێیە لای خۆیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاتنی سەرۆکوەزیران بۆ ئاکرێ زۆر لای ھاووڵاتیانی ئەم سنوورە گرنگ بوو، لەگەڵ ھاتنی ئەو بەردی بناغەی پڕۆژەی گرنگ بۆ شارەکەمان دانرا کە گرنگە لە ڕووی کشتوکاڵ و ئابووری و بازرگانییەوە، ئەم ھەنگاوانەی سەرۆکوەزیران بۆ ئاکرێ وا دەکات ئاکرێ بکاتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی کشتوکاڵی و جووتیارەکانمان ھاندەدات زیاتر لەسەر زەویە بە پیتەکانیان کشتوکاڵ زیاتر بکەن".

سەباح زوھێر گوتیشی: "کاتێک سەرۆکوەزیران بەردی بناغەی سەنتەری بازرگانی و عەلوەی ئاکرێ دادەنێت، گرنگیەکی تایبەتی ھەیە بۆ ئێمەی ئاکرێییەکان دەبێتە ھۆی ئەوەی ژێرخانی کشتوکاڵیمان زیاتر بەھێزببێت و جووتیارەکانمان زیاتر خۆیان لەگەڵ زەویەکانیان ماندوو بکەن و بەرھەمێکی باشتریان دەستبکەوێت و ھەلی کار لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژانە زیاتر بۆ گەنجانی ئاکرێ فەراھەم ببێت لە ھەموو چینەکان وەک ئەندازیارانی کشتوکاڵ و کرێکار و ھتد".

سەرۆکوەزیرانی کوردستان بەردەوامە لە کردنەوەی ئەو پڕۆژانەی ساڵانی ڕابردوو کە کارکردن تێیاندا وەستابوو و دەخرێنە خزمەت ھاووڵاتییان، ھەروەھا دانانی بەردی بناغە پڕۆژەی نوێ لە ھەموو سێکتەرە جۆراوجۆرەکان پەیوەستە بە ژیانی ھاووڵاتییان، ئەوەش بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری و ڕەخساندنی ھەلیکاری لێکەوتووەتەوە.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار