سپیلک.. پڕۆژەیەکی گەشتیاری سەردەمیانە جێبەجێ دەکرێت

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ، گەورەترین کۆمەڵگەی گەشتیاری لە سپیلک جێبەجێ دەکرێت و لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق پڕۆژەی ھاوشێوە نەکراوە، ھاوکات ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن.
دڵڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ساڵی ٢٠٢٢ مۆڵەت بە نۆ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵدا دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی سۆران ھەشت مۆڵەت دراوە لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین و کاریگەریان دەبێت لەسەر بووژانەوەی دەڤەری سۆران".
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سۆران دەشڵێت: "یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکان دروستکردنی کارگەیەکی چێمەنتۆیە لە قەزای خەلیفان، ھەروەھا لە سپیلک پڕۆژەیەکی گەشتیاری سەردەمیانە دەکرێتەوە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان کە پڕۆژەی ھاوشێوەی نیە، چونکە ھەموو خزمەتگوزاریەکی تێدایە و پڕۆژەیەکی زۆر گرینگە و لە ئێستادا دەست بە ئامادەکاری کراوە بۆ جێبەجێکردنی".
دڵڤان عومەر گوتیشی: "کۆمەڵگەی گەشتیاری سپیلک دەبێتە ناوەندێکی گرینگی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ھەموو پێوەر و مەرجێکی تێدایە".
دڵڤان عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش پێشکەشکراون بۆ کردنەوەی کارگە لەوانەش دروستکردنی کارگەیەکی بەردە گرانبەھاکان و کارگەی دەرمان و کارگەی قیر، ھەروەھا چەندین پێشنیار بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی بازرگانیش وەک دروستکردنی مۆڵ لە شاری سۆران پێشکەشکراون".
قائید میرۆ




