"پێشبینی دەکەین دوای جەژن کۆنفرانسەکانی پارتی بەڕێوەبچن"

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی پێی وایە، دوای جەژنی قوربان پرۆسەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی حزب دەست پێدەکات، دەشڵێ: ڕێ بۆ کادیرانی حزب دەکرێتەوە بێنە پێشەوە.
کرمانج عززەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پارتی ئامادەیی ھەیە و بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوخۆیەکانی حزب دراوە، ئێمە لە کات ناترسین ئاخۆ کەی بەڕێوەدەچێت، چونکە بڕیاری کۆنگرەی ١٤ی پارتیمانە دەبێت کۆنفرانس ھەر بکرێت و دەروازەیەک بکرێتەوە بۆ کادیری دیکە بێنە پێشەوە و ئالوگۆڕی لە ئۆرگانەکانی حزب بکرێت.
بەرپرسی لقی ٢٦ گوتیشی: کۆنفرانس بە دیدی ئێمە پرۆسەیەکی ئاساییە و چاوەڕێی دەرکردنی ڕێنماییەکانین، چونکە پێویستی بە ھەندێ دانوستان ھەیە، ئێستا چاوەڕێی دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس دەکەین، بە بۆچوونی من دوای جەژن کۆنفرانسەکان بەڕێوە دەچن.
عززەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بازنەیەکی دیاریکراو ھەیە و لەناو پەیڕەوی ناوخۆی حزب ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام ھەندێ ڕێوشوێن ھەن لە ڕێنماییەکاندا دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی حزب بەشێوازێکی سەردەمیانە بەڕێوە ببرێت.
قائید میرۆ




