٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق بۆ KDP: کار بە گرێبەستی پێشووی سەردەمی بەعس ناکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیارێکی لیژنەکە ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کراوە، کە ئەو گرێبەستانەی سەردەمی لیژنەی کاروباری شیمالی ھەڵوەشاوەی سەردەمی بەعس، بە ناوی خاوەنە ڕەسەنەکانیانەوە بکرێت.

دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ژمارە ٨٢ی لیژنەی جێبەجێکاری ماددەی ١٤٠، بڕیارمان دا کە ھەموو ئەو گرێبەستانەی لەسەر زەویوزاری جووتیاران لە کەرکووک کراون بەگوێرەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری شیمالی ھەڵوەشاوە، لەبەر رۆشنایی بڕیاری ژمارە ٢٩ی حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٢، گرێبەستی کشتوکاڵیی ھەڵوەشاوەن".

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم گوتیشی: "پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ گرێبەستی نوێ بکات بە ناوی خاوەن زەوییەکان، ئەوانەی خاوەنی رەسەنی زەوییەکانن، دەقی بڕیارەکەش ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ کراوە بۆ جێبەجێکردن".

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشنیازمان کردووە ئەو زەویانەی خاوەنەکانیان وەفاتیان کردووە، گرێبەستەکەیان بە ناوی کەسوکارە شەرعییەکانیانەوە بکرێت، چونکە بەپێی ئەو بڕیارە زەوییەکی زۆر بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێتەوە و کار بە گرێبەستی پێشووی سەردەمی بەعس ناکرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار