زانكۆی سەڵاحەدین: ئەمڕۆ یەكشەممە یەكەم و دووەم و سێیەمەكان سەردانی ئەو بانكانە بكەن

هەولێر-KDP.info- سەرجەم یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆكانی كوردستان دادەمەزرێن، زانكۆكانیان ئاگاداریان دەكاتەوە بەزوویی بایۆمەتری ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە مرۆییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین، سەرجەم یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆی سەڵاحەدین، بەپێی ئەو ساڵانەی دیاری كراون، ئاگادار دەكاتەوە ئەمڕۆ یەكشەممە سەردانی ئەو بانكانە بكەن كە بۆیان دیاری كراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی بایۆمەتری.
سامان عەبدوڵڵا بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانكۆی سەڵاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هەموو ئەو كەسانەی كە ناویان لەم لیستانەدا هاتووە، بایۆمەتریان بۆ دەكرێت وەك هەموو كارمەندانی تری حكوومی كە پێشتر بۆیان كراوە.
ئەوەشی گوت، بۆیە چەند بانكێكیان دەستنیشان كردووە تا قەرەباڵخی درووست نەبێت، چونكە وەك زانیومانە لەشارەكانی تری كوردستان بانكێك دەستنیشان كراوە و قەرەباڵخی درووست بووە.
ئەوانەی دەبێت بایۆمەتری بكەن، دەرچووەكانی زانكۆكانی هەولێر یەكەمەكانی 2017 ـ 2018 لە بانكی بێخاڵ دەبێت، یەكەمەكانی 2018 ـ 2019 لە بانكی فیدراڵ، یەكەمەكانی 2019 ـ 2020 لە بانكی عەنكاوە، یەكەمەكانی 2020- 2021 لە بانكی بەحركە، یەكەمەكانی 2021- 2022 لە بانكی حەمرین دەبێت بایۆمەتری بكەن.
لەبارەی دەرچووانی ساڵەكانی 2022 ـ 2023، بەرپرسی راگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین گوتی، ئەوانیش بە زووترین كات بانكێكیان بۆ دیاری دەكرێت و ئاگادار دەكرێنەوە.
سۆران عەزیز




