دواین ئامار لەبارەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران و کارتی دەنگدان

بەغدا -KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: ئەمساڵ زیاتر لە ١٢٧ھەزار دەنگدەر خۆیان تۆمار کردووە و کردنەوەی دەرگای تۆماری ئەم دواییانە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردبوو و ئەوانەی گرفتیان ھەبوو.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان ٣ملیۆن و ٧٨٩ھەزار و ٣٦٠ دەنگدەرە، لە ھەولێر ملیۆنێک و ٣٦٦ھەزار و ٤٦٢دەنگدەر، لە دھۆک ٩٢٦ھەزار و ٧٤٦ دەنگدەر، لە سلێمانی ملیۆنێک و ٤٩٦ھەزار و ١٥٢ دەنگدەر ھەیە، لەساڵی ٢٠٢٤دا ١٢٧ھەزار و ٧٢٨ کەس خۆیان تۆمار کردووە، بەجۆرێک ٦ھەزار و ٨٦ کەس ناویان زیادکراوە و ٣ھەزار و ٧١٩ کەسیش ناویان ڕاستکراوەتەوە، ١٠٤ ناویش لابراون، لە لەدایکبوانی ٢٠٠٦یش ٤٣ھەزار و ٨٤٩ کەس خۆیان تۆمار کردووە، ئەوانەی پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە ٥ھەزار و ٢٠٩ کەسن، ١٣٢ھەزار و ٧٩کەسیش پەنجەمۆریان خوێندراوەتەوەو کێشەیان نەماوە.
جومانە غەلای گوتیشی: ماوەی ڕابردوو دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوانەی گرفت لە ناوەکانیان ھەبوو، یاخود ئەوانەی پەنجەمۆریان نەدەخوێندرایەوە، بۆ ئەوەی گرفتەکەیان چارە بکەن.
گوتیشی: لە دەنگدانی گشتی لەمساڵدا ٦٦٦ھەزار و ٢٢٦کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە، ئەوانەی کارتی خۆیان وەرگرتۆتەوە ژمارەیان ٣٣٨ھەزار و ١٨٣ کەسە، لە دەنگدانی تایبەتیش ئەوانەی کارتی خۆیان وەرگرتۆتەوە ژمارەیان ٣٣ھەزارو ٨٩٦ کەسە و ئەوانەی کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە ١١٦ھەزار و ١٤١ کەسە.
بڵند ئیبراھیم




