فەرمانبەران: پشتیوانى لە هەژمارى من دەکەین

ھەڵەبجە-KDP.info- هەژمارى من سیستەمێکى پێشکەوتووى بانکیى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، فەرمانبەران پشتیوانى لێ دەکەن و پێی خۆشحاڵن، داوا دەکەن ڕێکارەکانى هەژماری من خێراتر بکرێت و بخرێتە خزمەتى گشتى.
د.باخان ئازاد بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: وەک فەرمانبەرێکى حکوومەت پزیشکم لە بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى هەڵەبجە، پشتیوانى لە هەژمارى من دەکەم، فەرمانبەر کاتێک مووچەی مانگانە وەردەگرێت پێویست نییە هەمووی لە کیفێکدا پێبێت، یان لە ماڵەوە هەڵیبگرێت، زۆرجار تووشى دزى دەبێت و بڕینى کیف زیادى کردووە، هەبووە ئەو مووچەى وەریگرتووە لێی ونبووە یان لێیان دزیوە، بەڵام کاتێک پارەکەت لە هەژمارێکى بانکى بێت ئەوە لە هەرشوێنێک پێویستت بە پارە بوو لەڕێگەى هەژمارەکەتەوە پارەى پێویست ڕادەکێشى.
ئەو گوتیشى: بوونى هەژمارى بانکى سوودى زۆرە بۆ فەرمانبەر، دەتوانێت لە ڕاکێشانى سولفەى (زەواج و خانووبەرە و قەرز) سوودی لێ وەربگریت، هەروەها سوودمەندبوون لەو قەرزەى دەدرێت بە خاوەنى هەژمار کە کارتى بانکى هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین بڕیارێکى دروستى حکوومەتە و بەڵێی بۆ دەکەین، کۆمەڵێک لایەنى سیاسى تەنیا لە ڕووى میدیاییەوە دژى هەژمارى منن ئەوان لەگەڵ خۆیان و هاووڵاتییانیش ڕاستگۆ نین.
مامۆستا سەرکەوت محەمەد، لاى خۆیەوە بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: پرسى هەژمارى من لە چوارچێوەى دنیاى پێشککەوتوو .. ساڵانێکى زۆرە لە دەوڵەتانى دنیا خزمەتى مرۆڤایەتى کردووە، توانیویانە سوودى لێ وەربگرن، بەڵام لە وڵاتى ئێمە بە هۆکارى سیاسى و ئابوورى بەردەست نەبووە، بەبێ هیچ لایەنداریێک گرنگە فەرمانبەرانى کوردستان لە سیستەمێکى واپێشککەوتوو سوود وەربگرن و دووربن لە ئەزیەتى ڕۆژانى وەرگرتنى مووچە.
سەرکەوت محەمەد گوتیشى: هەژماری من دوو ڕووى هەیە، یەکەم ئەو سیستەمە پێشکەوتووە، بڕواناکەم کەس دژى بێت، چەمکێکى تریشى پەیوەندى بە سیاسەتەوە هەیە.
بەهیواین زیاتر لەو چوارچێوەیە کاربکرێت و متمانەیەکی گشتگیر بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان بدرێت کە ئەم سیستەمە نوێیە بۆ مووچە دەبێتە هۆى باشترکردنى دابەشکردنى مووچە.
حەسەن ئەحمەد، فەرمانبەر بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: سیستەمى بانکى هەژماری من سیستەمێکى دروستى کابینەى نۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، بڕوامان وایە سیستەمى دابەشکردنى مووچە بە شێوەیەکى زۆرباش پێشدەکەوێت، چونکە بەڕاستى ئەو سیستەمەى ئێستاى پارەى کاش زۆر کۆنە و لە هەندێک دەوڵەتى دواکەوتوو ماوە، ئێمەی فەرمانبەران پشتیوانى لە سیستەمێکى بانکی وەها پێشکەوتوو دەکەین، ئەوانەشى دژایەتیشی دەکەن لەبەر ئەوەیە سوودى خۆیانى تێدا نییە، ئەگەر نا ساڵانێکى زۆرە ئێمە داوامان کردووە هاوشێوەی دەوڵەتانی دنیا سیستەمى کارتی بانکى پێڕەو بکرێت.
عەزیز ڕەسووڵ




