٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بازرگانی بۆ KDP: ٢٠ ملیار دیناری دیکە رەوانە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەوانەکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا شەش ملیار دینار گەیشتووە. دەشڵێ، بڕیارە ٢٠ ملیار دیناری دیکەش رەوانە بکرێت و بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بکرێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای دیاریکردنی وەرگرتنی بڕی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە جووتیاران، کە ٧٠٠ ھەزار تۆنە، لە ئێستادا شەش ملیار دینار ھاتووەتە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەوانە سێ ملیار دینار بۆ سلێمانی، ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ ھەولێر و ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ دھۆک، بڕیارە ھاتنی پارەی جووتیارانیش بەردەوام بێت و لە چەند رۆژی داھاتوودا ٢٠ ملیار دیناری دیکە رەوانە دەکرێت".

وەزیری بازرگانی گوتیشی: "ھاتنی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە ماوەیەکی کەمدا دوای رادەستکردنی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە، کە ئێستا رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان بەردەوامیی ھەیە، دەست بە دابەشکردنی پارەی جووتیاران دەکرێت".

دەشڵێ: "ئەو بڕە گەنمەی لە جووتیاران وەردەگیرێت، بەشێکی دەمێنێت و لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە کراوە، بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە لە جووتیاران لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لێیان وەربگیرێتەوە و ئەوەی دیکەش رێگای دیکە بدۆزینەوە و ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ گەنمی جووتیاران بدۆزرێتەوە و بەرھەمیان ساغ بێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار