پارێزگاری هەولێر: بازاڕی قەیسەری نۆژەن دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە گوژمەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بازاڕی قەیسەری نۆژەن دەکرێتەوە. هەروەها لەگەڵ بانکی جیهان ڕێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی ئەو کاسبکارانەی دەیانەوێت قەرز بکەن، بەبێ سوود قەرزیان پێ بدرێت
سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە لە مانگی ڕابردوو، 5-5-2024، بەشێک لە بازاڕی قەیسەری هەولێر سووتا و زیانێکی زۆری ماددی بەرکەوت.
ئومێد خۆشناو، گوتیشی: ڕۆژی دوای ڕووداوەکە سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و گوێبیستی خەڵکی بازاڕەکە بوو، وە بەڵێنیشی دا وەکو حکوومەت ئەوەی لە توانادا بێت بیکات، بۆیە ئێمەی ڕاسپارد کە ئاسانکاری بکەین بۆ ئەو کاسبکارانە تاوەکو بەزووترین کات دەست بەکاسبی خۆیان بکەنەوە.
ڕاشیگەیاند، دوای ئەوە چەند بڕیارێک دەرکرا بۆ ئەوانەی کرێنیشینی حکوومەتن لە بازاڕەکەدا، ئەویش بە لێخۆشبوونی کرێی ساڵێک و هەروەها لێخۆشبوونیان لە پارەی تابلۆ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، وە لێخوشبوون لە سەدا 50ـی باج بۆ ساڵی 2023 و لە سەدا 100 بۆ ساڵی 2024.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ بانکی جیهان ڕێککەوتن کرا، بۆ ئەوەی ئەو کاسبکارانەی دەیانەوێت قەرز بکەن، بەبێ سوود قەرزیان پێ بدرێت، بۆ ئەوە دەتوانن سەردانی پارێزگای هەولێر بکەن و پشتگیرییان پێدەدرێت تاوەکو قەرزەکە بکەن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بە گوژمەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بازاڕی قەیسەری نۆژەن دەکرێتەوە، ئەو شوێنەی سووتاوە لە دوو بەش پێک دێت، کە بەشێکیان شوێنەوارە و بەشەکەی دیکە نوێیە، بۆیە ئێمە پلانمان هەبوو لە ساڵی 2024، ئەو بەشەی نوێیە و کە پێشتر نۆژەن نەکرابووەوە نۆژەنی بکەینەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانرا جێبەجێ بکرێت.




