٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی نوێ ئامانج و پلان و ئیشکردنی ئەنەکەسە بۆ KDP ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەڵێت، دەمانەوێت ئەنەکەسە لە ڕووی دامەزراوەییەوە بەهێز بکەین و لەسەر سێ تەوەر ئیش دەکەین.

سلێمان ئۆسۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئامانج و پلان و ئیشکردنمان لەسەر سێ تەوەرە، یەکەم: دەمانەوێت بە هەموو تواناوە ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بەدامەزراوەیی بکرێت و لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە بەهێزتر بین، دووەمیش: لەسەر ئاستی سیاسی ئێمە بە گشتی لەنێو ئۆپۆزسیۆنی سووریاداین و بەشێکین لە چارەسەری سیاسی و ئەو کۆبوونەوە و هەڤپەیڤینە نێودەوڵەتییانەی لە ژنێف ساز دەکرێن، ئێمە بەشێکی گرنگین و لەنێو دانوستانداین و لە دانانی نووسینەوەی دەستووریشدا کاراین، دەمانەوێ لە سووریادا بوونمان هەبێت و خاوەن ماف بین و دان بە مافەکانی کورددا بنرێت".

ئۆسۆ گوتیشی: "دەمانەوێت دەنگمان بەرزتر بێت لەنێو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆن و جڤاکی نێودەوڵەتیدا و لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدار بین، بە تایبەتی کۆنگرەی ریازی ٢ کە تێیدا مافەکانی گەلی کوردمان لە ڕۆژئاوای کوردستان چەسپاندووە و دان بە مافەکانماندا نراوە". 

سەرۆکی نوێی ئەنەکەسە ئاماژەشی دا: "دەخوازین لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەشدا چالاک بین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیش بەهێز بن، هەروەها خاڵی سێیەمیش ئەوەیە: دەمانەوێت پەیوەندیی کوردی - کوردی بەهێزتر بێت و ئەو ڕێککەوتنانەی کە کردوومانن لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانیدا و ئەوانەی تریش، جێگای خۆیان بگرن، بەڵام بەداخەوە پەیەدە پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە نەبوو، لە کاتێکدا ئێمە دەمانەویست ئەو ڕێککەوتنە ئەرێنییانە زیاتر بچنە پێشەوە، بەڵام مخابن سەری نەگرت و پەیەدە ڕێگر بوو". 

 

کاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار