"لە ١١ سایلۆ و شوێن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت"

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان گوتی: ئامادەکاری تەواوکراوە، هەر ناوی جووتیاران لە بەغدا بگەڕێتەوە لە ١١سایلۆ و شوێن دەست دەکرێت بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ.
نازم ئەتروشی، بەڕێوەبەری سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەکو وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، ناوی جووتیاران لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم بە ئێمە گەیشتووە و ڕەوانەی بەغدا دەکرێن، ڕەزامەندی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت بۆ ئێمە ڕەوانە دەکرێتەوە، ئەو کات لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکرێت.
ئەمساڵ ٧٠٠ھەزار تەن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت کە ١٨٩ھەزار تەن بۆ دھۆک، ٢٢٨ھەزار تەن بۆ ھەولێر و ٢٨٢ھەزار تەنیش بۆ سلێمانییە، بەو پێیە ھەر جووتیارێک ٢٧%ی گەنمەکەی لێ وەردەگیرێت.
نازم ئەتروشی گوتیشی: گەنم بەپێی خاوێنی و جۆرەکەی لە جووتیاران وەردەگیرێت، چەند خاوێنبێت بە گرانتر دەنرخێندرێت و ھەموو جۆرە گەنمێکیش وەرناگرن، ھەر یەکێک بە جۆرێک دەبێت، ئەگەر خاوێن نەبێت وەری ناگرن، بۆیە بەپێی ڕێنماییە دیاریکراوەکان گەنم وەردەگرن و نرخی بۆ دیاری دەکرێت، بۆ ھەرتەنێک گەنمی نمرە یەک تا ٨٢٥ھەزار دینار دیاریکراوە.
ئەتروشی باسی لەوەش کرد: ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان لە دھۆک لە سایلۆی فایدە، شێخان و زاخۆ، لە ھەولێر لە سایلۆی ھەولێر و قوشتەپە، لە سلێمانیش لە سایلۆی ڕانیە، پیرە مەگرون، سەیدسادق، چەمچەماڵ و ڕەنگە کەلاریش وەکو بنکە، لە ھەڵەبجەش لە بنکەیەک گەنم وەردەگیرێت، بۆیە بە گشتی لە ١١ سایلۆ و شوێن گەنم وەردەگیرێت.
بڵند ئیبراھیم




