"لە ئێستاوە ئامادەکاری کراوە ھەولێر تووشی گرفتی کەمئاوی نەبێت"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر گوتی: ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ لە وەرزی ھاوین تووشی کێشەی کەمئاوی نەبین، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواومان دەکات.
ڕابەر حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ھەولێر بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی حاڵەتی کەمئاوی لە پارێزگای ھەولێر ئامادەکاری تەواومان کردووە و ئەو بیرانەی کارەبایان پێویستە لە موەلیدەکان کارەبایان بۆ دابین کراوە، لە ئاوی ئیفرازیش نۆرەی دابەشکردنی ئاو بۆ شوێنەکان ڕێک دەخەینەوە کە گلەییان ھەیە لە شێوازی دابەشکردنی ئاو.
ڕابەر حوسێن حەمەد گوتیشی: بۆ ئەوەی ھەر گرفتێکی ھەیە چارە بکرێت دەرخستەمان ئامادە کردووە و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردووە، بەشێکی ڕەزامەندیشی لەسەر دراوە، حکوومەت بەجدی لەسەر خەتە و ھاوکارمانە، چونکە زیاتر گرفتمان لەو شوێنانە بۆ دروست دەبێت کە پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن، لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھەزار و ٤٠٠ بیرمان ھەیە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە بۆ ئەوەی گرفتی کەم ئاوی بەتەواوی و بەشێوەی بنەڕەتی چارە بکرێت، بۆیە بۆ ئەمساڵ بەتەواوی خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی گرفتی کەمئاوی لە پارێزگای ھەولێر دروست نەبێت.
دەشڵێت: لە چەند ڕۆژی داھاتوو تەنکەریش ئامادە دەکرێن، لە ھەر شوێنێک پێویست بکات ئاوی ماڵان بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکرێت، بۆ ئەوەی لەوەرزی ھاوین تووشی گرفتی کەمئاوی نەبن، بۆیە ئەمساڵ بەشێوەیەکی زۆر باش خۆمان ئامادەکردووە و ھەوڵ دەدەین ھیچ کێشەیەک دروست نەبێت.
بڵند ئیبراھیم




