"پێویستە بەغدا پێش جەژن مووچە ڕەوانە بکات"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای پەسەندکردنی بودجە لە پەرلەمانی عێراق پێویستە لەمەودوا بەغدا بەبێ دواکەوتن و مانگانە مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکات، ئێستاش پێویستە پێش جەژن مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکات.
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردوووی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕێککەوتن لەبارەی بودجە، زۆر گرنگ بوو، لەکۆی ٢١١ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دینار ٢٠ ترلیۆن و ٩١٠ ملیار بۆ ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە و ١١ ترلیۆن و٦٠٠ملیار بۆ مووچە و چاوێری کۆمەڵایەتی دیاری کراوە و گرێ نەدراوە بەئینفاقی فعلی، مانگانە ٩٦٥ ملیار بۆ مووچە ڕەوانە دەکرێت ئەمە سەرەڕای چاودێری کۆمەڵایەتی، بۆیە لەمەودوا بەپێی ڕێککەوتن و بەپێی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە مووچە ڕەوانە دەکرێت، بۆیە پێویستە مانگانە ٩٦٥ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
د.ڤیان سەبری گوتیشی: ئێمە لەمەودوا چاودێری بودجە دەکەین بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە حکوومەتی عێراقیش پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و مانگانە لەکاتی خۆی مووچە ڕەوانە بکات.
سەبری ڕوونیشیکردەوە: پێویستە لەمەودوا بەھۆی وردبینی کردن لە لیستی ناوی مووچەخۆران دواکەوتن دروست نەبێت و پێویستە مانگانە پێداچوونەوە بکرێت و مووچە لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت، ناکرێت چەند ھەفتەیەک بەھۆی وردبینیکردن مووچە دوابخرێت، بۆیە پێویستە پێش جەژن بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
بڵند ئیبراھیم




