٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان دەگەنە ئاستێکی باشتر

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێکی کۆماری پۆڵۆنیا پسپۆڕ لە بواری داهێنانی کشتوکاڵی و بەروبوومی سامانی ئاژەڵی، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە هەولێری پایتەخت لەلایەن پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێ کرا.

سەرۆکی ئەم شاندە بەڕێز کژیشتۆف وۆچاک و شاندی یاوەری، بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری پۆڵۆنیا و بە نوێنەرایەتیی 20 کۆمپانیای پۆڵۆنیی بواری بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، تا بەدواداچوون بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە نێوان کۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان بکەن، کە لە ڕابردوو و لە دواسەردانیشیاندا بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو پەیوەندییە بەهێز و دۆستانەیەی لە ڕابردوودا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەگەڵیاندا بنیاد نراوە، هاوکاری و هەماهەنگی و ڕاوێژ و  کارئاسانی بۆ دامەزراوە و کۆمپانیا و شاندە ئابووری و بازرگانییەکاتی کۆماری پۆڵۆنیا کراوە، بۆ ئەوەی هەلی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا پۆڵۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێت و بەشداریی چالاکانەیان هەبێت لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ساڵانەی خۆراک و بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی و ئابووری و پیشەسازی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە مەزەندە دەکرێت لە مانگی ١١ی ٢٠٢٤ بکرێتەوە.

کۆمپانیا پۆڵۆنییەکانیش بە پێشاندانی بەرهەمەکانیان و براندەکانیان لە پێشانگای خۆراک و بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی، کە لە هەولێر ئەمساڵ ساز دەکرێت، لە هەوڵی ئەوەدان کە 20 کۆمپانیای پۆڵۆنی کە ساڵی ڕابردوو سەرکەوتوو بوون هەندێک ڕێککەوتن لە نێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و پۆڵۆنیا واژوو بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی کە براندی پۆڵۆنی و ناسراون لە جیهان، هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن، کە لە ئێستادا هاوردەکردنی بەروبووم و کاڵای کۆمپانیاکانی پۆڵۆنی بۆ هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و گەشەسەندنی خێراتری بە خۆیەوە بینیوە، کە بەشدارییان لە پێشانگای ئەمساڵی خۆراک لە هەولێری پایتەخت کارئاسانییەکی باش دەبێت، کە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان کۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر ڕێک بخرێتەوە، لە هەمان کاتدا هاوکاریی شاندەکەش کراوە کە ئۆفیس یان لقی فەرمیی خۆیان لە سێکتەری بازرگانی و داهێنانی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی پۆڵۆنیا لە هەولێری پایتەخت بکەنەوە کە لە دوادیداری پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)  و شاندی پۆڵۆنی و بە ئامادەبوونی کۆنسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی شاندی کۆمپانیاکانی پۆڵۆنیا لە هەولێری پایتەخت، هاوکاری و کارئاسانیی پێویست پێشکەش کرابوو کە لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی ئۆفیس یان لقێکی تایبەتی ئابووری - بازرگانی و بۆ فراوانترکردنی هەناردەکردنی بەروبوونی کشتوکاڵیی و سامانی ئاژەڵی کۆمپانیاکانی پۆڵۆنی بۆ هەرێمی کوردستان قۆناخی باشی بڕیوە.

کۆماری پۆڵۆنیا کە ئەندامێکی چالاکی یەکێتیی ئەورووپایە، پێشبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی تری ئەندام لە یەکێتییەکەدا دەکات و توانیویەتی قۆناغی باش ببڕێت و پێگەیەکی گرنگی ئابووری لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپادا بەدەست بێنێ، کە بەهۆیەوە  بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی پۆڵۆنیا داواکاریی زۆری لەسەر هەیە و کۆمپانیاکانیان هەوڵ دەدەن لەگەڵ کوردستان و وڵاتانی کیشوەرەکانی تریش پەیوەندیی ئابوورییان فراوانتر بکەن، لە ڕێگەی سازکردنی پێشانگای نێودەوڵەتی لە پۆڵۆنیا و بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکاتی بواری خۆراک بە تایبەتی.

جێگای باسە، ئەمساڵ پەیوەندییە ئابووری ـ بازرگانییەکانی نێوان کۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان  دەگەنە ئاستێکی باشتر، کە لە هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیا کارسازەکانیان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بۆ سوودمەند بوون و گەشەپێدان و بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان کوردستان - پۆڵۆنیا هەوڵی بۆ دەدەن.

هاوشانی ساڵی ڕابردوو شاندی کۆمپانیا پۆڵۆنییەکان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی لە کردنەوەی ئۆفیس یان لقێک لە سێکتەری بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی  پۆڵۆنی لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری و ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بواری هەناردە و هاووردەکردن، هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و کارئاسانی دەدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی کردنەوەی ئۆفیسی بازرگانیی خۆیان لە سێکتەری بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

 

ئه‌میر جه‌رجیس

هەواڵی پەیوەندیدار