شەرەفانی بۆ KDP: سەرۆكی حكوومەت توانیویەتی كوردستان بە بەهێزی بهێڵێتەوە

هەولێر-KDP.info- راوێژكارێك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پڕۆسەی جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت دەكات، ھەر بۆیە خۆی بە شێوەی مەیدانی سەردانی ھەموو ناوچەكان دەكات و بەردی بناغە بۆ پڕۆژەكان دادەنێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەموو سێكتەرەكاندا پێشكەش دەكات.
دكتۆر ئیبراھیم شەرەفانی، راوێژكار لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كارنامەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر پرەنسیپ و بنەمای حوكمڕانییەكی باش لە پێناو كوردستانێكی بەھێز داڕێژراوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیەش سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سیاسەتێكی گشتیی ھەیە، كە سێ پرسی سەرەكی لە خۆ دەگرێت، ئەوانیش بیركردنەوەیەكی ستراتیژی و پلانێكی ستراتیژی و ئیرادەیەكی بەھێزن، بۆیە گرنگترین بیرۆكەی ستراتیژیی ئەو كارنامەیە ئەوەیە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھەموو دامودەزگاكانی خۆیەوە خزمەتكاری ھاووڵاتیان بێت لە ھەرێمی كوردستان".
شەرەفانی گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەش، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پڕۆسەی جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت دەكات، بۆیە سەردانی سەرۆكی حكوومەت بە شێوەی مەیدانی بۆ ھەموو ناوچەكان بە بێ جیاوازی بەردەوامە و پرۆژەی جۆراوجۆر لە سێكتەری جیاجیا پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكات، بە تایبەت پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگی پەیوەست بە ژێرخانی ھەرێمی كوردستان، كە ئەو سەردانە مەیدانیانە و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی جۆراوجۆر و پێشكەشكردنی پڕۆژە بۆ ھەموو ناوچەكان، نیشانەی گرنگیپێدانی سەرۆكی حكوومەتە بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی خۆی، كە توانیویەتی كوردستان بە بەهێزی بهێڵێتەوە و سەلماندنی ئەوەشە دەسەڵاتی حكوومەت تەنھا و تەنھا بۆ خزمەتكردنی ھاووڵاتیانی كوردستانە لەسەر بنەمای گەشەپێدانێكی سەرتاسەری و بەرژەوەندیی گشتی، كە پڕۆژە بۆ ھەموو ناوچەكان ئەنجام دەدرێن".
دەشڵێت: "لە پێناو دیراسەتكردنێكی زانستیانە و بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پەیڕەوكردنی پرەنسیپی دادپەروەری بۆ چۆنیەتی پێشكەشكردن و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری، چەندین جار تیمی ئەنجومەنی وەزیران راسپێردراون سەردانی مەیدانی بۆ ھەموو ناوچەكان ئەنجام بدەن، كە گومانی تێدا نییە گرنگیپێدانی سەرۆكی حكوومەت بە دۆخی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كوردستان و پێشكەشكردنی پڕۆژەی ستراتیژی، لە پێناو پتەوكردنی ژێرخانی ھەرێمی كوردستانە و دەبێتە بەردی بناغەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستانێكی بەھێز".
بڵند ئیبراھیم




