٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بازاڕ بۆ گەنمی جووتیاران دەدۆزینەوە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆکراوە لەبارەی ئەو گەنمەی جووتیاران کە دەمینێتەوە و لێیان وەرناگیرێت، بۆ ئەوەی بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە و ساخبێتەوە.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، بۆیە ساڵانە پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیار بکات، ئێمەش بەپێی ئەو ڕێژەیە گەنم لە سایلۆکان وەردەگرین، بۆیە چاوەڕێی دیاریکردنی ڕێژەکە دەکەین تا لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەست بکەین بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، چونکە بەپێی دیاریکردنی ڕێژەی گەنم پارەیان بۆ دابین دەکرێت.
کەمال موسلیم گوتیشی: ئێمە ئەو ڕێژە گەنمە لە جووتیاران وەردەگرین کە عێراق دیاری دەکات، ئەو گەنمەی دەمینێتەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر کراوە تا بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە نرخێکی باش بۆیان ساخبکرێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو دوو کارگەی ئاردەی ھەن لەگەڵ سایلۆکانی کەرتی تایبەت ھاوکاربن تا گەنمی جووتیاران ساخبێتەوە و تووشی زیان نەبن، پاریش بڕێکی باش گەنمیان لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کڕی.

موسلیم باسی لەوەش کرد: ئێستا چاوەڕێ دەکەین بەغدا ڕێژەی ئەو گەنمەی وەریدەگرێت دیاری بکات دواتر ئێمەش دەست بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکەین.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار