٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"وردەکاری نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتیی شەھید فەرەنسۆ ھەریری"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: بڕیارە یاریگای فەرەنسۆ ھەریری بە شێوەیەک نوژەن بکرێتەوە وەکو یاریگایەکی نێودەوڵەتی بێت و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەست بە گۆڕینی چیمەنەکەی و نوژەنکردنەوە بکرێت.

مەسعود محەمەد، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر فراوانن، لەنێویاندا خزمەتگوزاری و ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ و ھونەر، گرنگی زۆریشی بە سێکتەری وەرزشی داوە، نموونەش .. دەبینین ئێستا یانەکان ئەنجامی باش بەدەست دێنن، ھۆکارەکەیشی بۆ گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

یاریگای فەرەنسۆ ھەریری یەکێکە لەیاریگا دێرینەکانی ھەولێر لە کۆتایی ساڵانی پەنجا دروست کراوە و چیمەنەکەی  تێکچووە و پێویستی بە نوژەنکردنەوە ھەیە، بۆیە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە نوژەنکردنەوە و گۆڕینی چیمەنەکەی دەکرێت و بە شێوەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی  چیمەنەکەی نوژەن دەکرێتەوە.

مەسعود محەمەد گوتیشی: ئەو کۆمپانیایەی چیمەنی یاریگای شەھید فەرنسۆ ھەریری دەگۆڕێت ١٨ مانگی پێویستە بۆ ئەنجامدانی کارەکەی و بەو ئامێرانەیش کارەکە دەکات کە لە یاریگا نێودەوڵەتییەکان بەکار دێن، بۆیە یاریگایەکە ھاوشێوەی یاریگا نێودەوڵەتییەکان نوژەن دەکرێتەوە.

بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی درا بە تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی (١ ملیار و ٧٦١ ملیۆن و ٧١٦ ھەزار دینار) بەشێوەی نەختینە و قۆناغ لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گۆڕینی چیمەن و نوژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی شەھید "فەرەنسۆ ھەریری".
‌
بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار