"ئەمساڵ کارەبا باشتر دەکرێت"

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئەمساڵ رەوشی کارەبا باشتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو، دەشڵێ: بەرھەمھێنان گەیشتووەتە زیاتر لە چوار ھەزار مێگاوات کارەبا.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو پلانەی وەزارەت بۆ وەرزی ھاوینی ئەمساڵ ئامادەی کردووە ڕەوشی کارەبا باشتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو، چونکە ڕێژەی بەرھەمھێنان گەیشتووەتە سەرووی چوار ھەزار مێگاوات، ئامادەکاریشمان کردووە بۆ وەرزی گەرما، ئەگەر ھیچ شتێک ڕوونەدات ڕەوشی کارەبا باشتر دەبێت، بەڵام ھەندێ جار دەبینی شەپۆڵێکی گەرمای تاقەت پڕوکێن ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاد دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: بەرھەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی سێ وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەباوە زیاد دەکرێت، لەوانەش وێستگەی بازیان ٢٥٠ مێگاوات کارەبای بەرھەمی ھەیە و ئێستا لە قۆناغی ئەزموونکردندایە و دەخرێتە نێو تۆڕی گشتی کارەبای ھەرێمی کوردستان.
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: لە وێستگەی ھەولێریش ١٥٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دێت و لەم مانگەدا دەخرێتە کار، ھەروەھا وێستگەی کواشێ لە شاری دھۆک دەکرێتە گازوایل و ١٢٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دێنێ، بەو سێ وێستگەیە ڕێژەی بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد دەکات.
قائید میرۆ




