سالار عوسمان بۆ KDP: ھەرێمی کوردستان ھێز بە پارچەکانی تری کوردستان دەبەخشێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دەڵێت، لەم قۆناغەدا پێویستیمان بە تێگەیشتنێکی نوێ و تەباییەکی زیاتر ھەیە. پەیوەست بە ھەڵبژاردنیش ئاماژە دەدات، پارتی ھەمیشە لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و ئازادە و دژی ھەموو دەستێوەردانێکیشە، چونکە سەرۆک بارزانی لە ساڵی ١٩٩١ یەکەم دیدگای بۆ ھەڵبژاردن و دیموکراسی پێشکەش کرد.
دکتۆر سالار عوسمان، لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە کۆنفرانسی ئامەد، کە خۆی بەشداربوویەکی کۆنفرانسەکە بوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە کۆنفرانسی ئامەد سێ پانێل و چەند گوتارێک ھەبوون لە ھەرسێ پانێلەکەدا چەندین کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی و سەرۆکی حزب بەشدارییان تێدا کرد، ئێمەش بابەتمان دەربارەی (پڕۆژەی ھەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییەکان) بوو، لە پانێلەکەدا تیشک خرایە سەر ھەرێمی کوردستان کە پڕۆژەیان، پڕۆژەی ئاشتی و بوونیادنان و پێکەوەژیان و ئاوەدانی و چارەسەرکردنی ھەموو گرفتەکانە چ لە نێوخۆ چ لە دەرەوە و لەگەڵ دەرودراوسێش".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: "لەم قۆناغەدا پێویستیمان بە تێگەیشتنێکی نوێ ھەیە بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە و پێویستیمان بە تەباییەکی زیاتر ھەیە لە نێوخۆمان و پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ھەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن".
ھاوکات لە کۆنفرانسەکەدا دکتۆر سالار عوسمان جەختی کردەوە، پارتی و بە تایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی، لە پرسی ڕیفراندۆمدا ویستی چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە بدۆزێتەوە، بەڵام بەداخەوە جیھان و ھەمیش عێراق نەیانتوانی لە ماف و ئازادییەکان بڕوانن وەک چارەسەر، چونکە ھەم ماف و ئازادی و هەم چارەسەریش بوو.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو: "لە دوای ڕیفراندۆم ھەم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەم سەرۆک بارزانی، ئەوکات کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو، توانرا ڕەوشەکە ئارام بکرێتەوە و بەردەوامی بەو خەبات و تێکۆشان و حوکمدارییە بدرێت، کە خۆی لە شەرعیەتی شۆڕشگێری و دەنگی خەڵکی خۆماندا دەبینێتەوە و توانرا ھێز بە میللەتی خۆمان ببەخشێتەوە و ئێستاش بەردەوامین لە کاروانی ئاشتی و چارەسەری و سووربوونی ئەو هەڵوێستە نیشتیمانیانەی کە ڕێبازی بارزانی فێری کردووین".
ناوبراو باس لەوەش دەکات: "لە کۆنفرانسەکەدا باسی ھەڵبژاردنیش کرا، گوتمان پارتی ھەمیشە لەگەڵ ھەڵبژاردنە، ھەڵبژاردنێکی پاک و ئازادانە، کە گەل سەنتەر و بڕیاردەر بێت و دژی ھەموو دەستێوەردانێکە".
ھەروەھا دکتۆر سالار عوسمان وەبیری ھێناوە کە لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ سەرۆک بارزانی یەکەم دیدگای بۆ ھەڵبژاردن و دیموکراسی بۆ دروستکردن و بەدامەزراوەییکردنی وڵات لە ڕووی یاساییەوە پێشکەش کردووە و پارتی ئەو مێژووە جوانەی ھێناوە و بەردەوامیش دەبێ بە گیانی دیموکراسیانە نەک بە دەستێوەردانی خەڵکی تر.
لە کۆتاییشدا گوتی: "خەڵکی باکووری کوردستان و ئەندامانی کۆنفرانسەکە ئەوانەی گفتوگۆ و بەشدارییان کرد، بە پەرۆشەوە دەیانویست بزانن لە ھەرێمی کوردستان چی دەگوزەرێت، چونکە ئێمە ھێز بە پارچەکانی تری کوردستان دەبەخشین".
کاروان باعەدری




