لە دھۆک ژمارەیەک کارگە و پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنان جێبەجێ دەکرێن

دھۆک -KDP.info- لە پارێزگای دھۆک ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنان دەکەونە بواری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی پارێزگاکەش دەڵێ: ژمارەیەک کارگەی نوێ لە دھۆک دادەمەزرێن.
د.ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەین، لە دھۆک ئەو پڕۆژانە نوێن و خۆیان لە ژمارەیەک کارگە و کۆگا دەبینێتەوە، یەکێک لەوانە دروستکردنی کارگەیەکی ئاوی سێلانە و بۆ جاری یەکەمە لە پارێزگای دھۆک کارگەیەکی ئاوی سێلان دروست دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک دەشڵێت: ڕۆژانی ڕابردوو ١٠ پڕۆژەی پیشەسازی لە دھۆک پەسەندکراون، ئەوانیش دەچنە بواری جێبەجێکردن، هەندێ پڕۆژەی دیکەی گەشەپێدانیش پەسەندکراون ژمارەیان ھەژدە پڕۆژەیە.
لەبارەی کێشەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون د.ھەڤاڵ سدیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێشتر ھەندێ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە دھۆک کێشەیان هەبوو، ئێستا کێشەکانیان چارەکراوە، تەنیا یەک پڕۆژە ماوە ئەویش چارە دەکەین، لیژنەیەک خەریکی لێکۆڵینەوەیە بگەینە چارەکردن ئەویش ڕادەگەیەنین.
قائید میرۆ




